کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی: گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئەستەمە

16:50 - 26 رێبەندان 2725

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕۆژی هەینی لە کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخ وتوویەتی کە، ئەگەری بەستنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر وزەی ناوکی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام گەیشتن بەمە ئاسان نییە.

ناوبراو وتیشی دەبێت قەبووڵی بکەین که دوای شەڕی ١٢ ڕوژه، تەواوی دیمەنی ئەتۆمی ئێران له بنەڕەتدا گوڕاوه؛ ڕەنگه ئەم گۆڕانە له ڕووی تواناکانییەوە نەبيت بەڵكوو له ڕووی ژێرخانی فیزیکییەوه بێت که چیدیکە بوونی نییه و ئەمەش بە تەواوی هاوکێشەکه دەگوڕێت.

ناوبراو وتوویەتی کە ئێمە دەزانین کە دەبێت پشکنین بۆ کوێ بکەین، ئێمە لە کاتێکی زۆرهەستیارداین و ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕووناکییەک لە ناو تاریکاییدا دەرکەوێت.
فەرانسە و بریتانیا و ئاڵمان لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا مێکانیزمی ماشەیان کارا کردەوە و  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین جار داوای لە ئێران کردووە کە ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ٤٠٠ کیلۆگرەم کۆگای ئۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ی خۆی پێشکەش بکات.

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ٨ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، چەقبەستوویی لەسەر لێکۆڵینەوە لە کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆمبڕێژکراوەکان ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.