کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: ڕێگە نادەین هیچکات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی بگات

19:16 - 26 رێبەندان 2725

لە درێژەی هەوڵی وڵاتانی ڕۆژاوایی دژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە هیچکات ئەو دەرفەتە بە کۆماری ئیسلامی نادەن کە چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت.

مارکۆ ڕۆبیۆ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخدا ڕایگەیاند: "هەڕەشەی چەکی ناوکیی ڕێژیم، نەک هەر بۆ ئەمریکا، بەڵکوو بۆ ئورووپا، سەقامگیریی ناوچەکە و ئەمنییەتیی جیهانی مەترسیدارە".

ڕۆبیۆ وتی: "لەوەی کە ڕێگە نادەین کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی بگات، هیچ گومانی تێدا نییە".

ناوبراو لەبارەی جموجۆڵی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە وتی: "ڕوونە کە دەبێت هێزەکانمان لە ناوچەکەدا بپارێزین و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بین".

ڕۆبیۆ وتیشی: "هێشتا ڕوون نییە بزانین ترامپ بۆ جارێکی دیکە دەرفەتی دانوستان بە کۆماری ئیسلامی دەدات یان نا".

پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئیتالیا ڕۆژی سیشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە دیدارێکدا لە واشنگتۆن، سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هەرگیز توانای دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکیی نابێ، وتووێژیان کرد.

مارکۆ ڕۆبیۆ وەک سیاسەتوانێکی دیاری ئەمریکا لە دەیان پۆستی دەوڵەتیدا پێداگرە لەسەر سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزی ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی ئێران، ڕووسیە و کورەی باکوور و بە یەکێک لە دژبەرە سەرسەختەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئەژمار دێت.

 هێرشی سەربازیی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە پێشنیارە دیارەکانی ناوبراوە.

هەروەها ڕۆبیۆ لە مانگی مارسی ٢٠١٧دا و هاوکات لەگەڵ ٤ سیناتۆری دیکە، گەڵاڵەی گەمارۆی زیاتر دژی ڕێژیمیان پێشنیار کردبوو.