ڕێژیمی ئێران لە شاری بانە بەنێرێکی تەبلیغاتی بڵاو کردووەتەوە و خەریکی ڕاکێشانی خەڵک بۆ فێستیڤاڵێکی حکوومەتییە.
ئەم ڕێوڕەسمە لەژێر ناوی "فێستیڤاڵی میللیی لاوانی ئێران" بەڕێوە دەچێت و لەسەر بەنێرەکە کەڵک لە هێمای هەوری وەرگیراوە.
لەسەر ئەم بەنێرە باس لە دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربوواندا کراوە و ڕاگەیەندراوە کە خوێندکاران دەتوانن بلیتی ئەم فێستیڤاڵە بە خۆڕایی وەربگرن.
ئامانجی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە ئاسایی نیشاندانی دۆخی کوردستان و دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان خەڵكی کوردستانە.
ئەم فێستیڤاڵە بڕیارە سبەی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان لە ساڵۆنی ئازادگانی شاری بانە بەڕێوە بچێت و ڕێژیم بە خۆڕاییکردنی بەشدارییەکە و دابەشکردنی خەڵات خەریکی ڕاکێشانی خەڵک بۆ ڕێوڕەسمێکی حکوومەتی لە بەرەبەری چلەی شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێرانە و کوردستانە.
هاوکات ڕێژیم بە بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە، دەیەوێ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە بانەوە دەست پێ بکات و ئەو پیامەش بە دەرەوە بگەیێنێت کە دۆخی نێوخۆیی ئارامە و خەڵک لە دۆخێکی ئاساییدا دەژین.
ئەم فێستیڤاڵە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە لە شارەکانی کوردستاندا، جیا لە شەهیدبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا، ڕەشبگیرییەکانیش بەردەوامن و بە سەدان کەس لەم ماوەیەدا دەسبەسەر کراون.
پێویستە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی شاری بانە، بە بەشدارینەکردن لەم چەشنە ڕێوڕەسمانەدا، جارێکی دیکە وڵامی نا بە خواستی ڕێژیم بۆ نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە لە کوردستاندا بدەنەوە.