کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا خۆی بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی چەند حەفتەیی دژی ئێران ئامادە دەکات

10:20 - 27 رێبەندان 2725

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتێرز" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە پێنتاگۆن سەرقاڵی ئامادەکردنی چەندین سێناریۆ بۆ ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نیزامی چەند حەفتەیی دژی ئێرانە.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، پێنتاگۆن تەنها خۆی بۆ هێرشێکی سنووردار و کورتخایەن ئامادە نەکردووە، بەڵکوو ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەردەوام و بەرفراوانیشی لەبەرچاو گرتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ویلایەتە یەکگرتووەکان کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت و هەزاران هێزی نیزامی، فڕۆکەی جەنگی و ناوشکێنی تەیار بە مووشەکی ڕێنماییکراو و کەرەستەی بەرگری و هێرشیی دیکە لە ناوچە جێگیر دەکات.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکاییەکان ڕایگەیاندووە کە داڕشتنی ئەم سیناریۆیە بەراورد بە جاران ئاڵۆزترە و دەکرێت لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەردەوامدا، جگە لە ژێرخانە ناوکییەکان، هەندێک لە دامەزراوە حکومەتییەکان و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە.

بەرپرسێکی تریش دەڵێت واشنگتۆن پێشبینی دەکات تاران وڵامی هەر کردەوەیەکی نیزامی بداتەوە و ئەمەش بابەتێکە کە دەکرێت ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی هێرشەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

لەو پەیوەندییەدا، ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی بەرامبەر ئێران لەسەر مێزە و بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی تەناهی نەتەوەیی دەدرێت.

ترامپ لە حەفتەکانی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە ئەگەری ڕێککنەکەوتن لەگەڵ ئەمریکا، ڕووبەڕووی بژاردەی زۆر قورس دەبن و لە بەرامبەریشدا ڕێژیمی ئێران هۆشداری داوە کە لە ئەگەری هێرش بە سەر ئەو وڵاتە، تەواوی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا بە ئامانج دەگرێت.