کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەش و بانگەوازی خوێندکارانی ئێران و کوردستان بۆ مانگرتن لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندان

11:34 - 27 رێبەندان 2725

لەدوای زیاتر لە یەک مانگ لە تێپەڕبوون بەسەر کوشتار و جینایەتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی، کە بەتایبەتی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیانیان لێ ئەستێنرا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران و کوردستان، بەبۆنەی چلەمین ڕۆژی ئەو کوشتارە و بۆ یادی گیان‌بەختکردووانی ئەو ناڕەزایەتییانە، بانگەوازێکیان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە: "ئێمە وەک خوێندکاران، لەو دوو ڕۆژە ئەستەمەدا کە بەقەد چەند مانگ درێژەی کێشا، لەگەڵ بنەماڵەی گیان‌بەخت‌کراوان، خوێندکاران و کادرە دەرمانییە بەندکراوەکان و ملیۆنان کەسی تازیەبار، کۆبوونەوەمان گرت و بانگی ناڕەزایەتیمان هەڵدا".

لە درێژەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە: "لە ناڕەزایەتییەکانمان و دەیان بەیاننامەدا بەڕاشکاوی ڕامانگەیاندووە کەوا چیی تر ناتوانن ئازیزانمان بکوژن و ئێمەش بکەنە کۆمەڵێک ڕەعیەتی گوێ‌لەمشت کەوا پێ‌بەپێی فرمانەکانی ئێوە بژیین! داخستنی زانکۆ بۆ بێ‌دەنگ‌کردنی دەنگی بەرزی ئێمە و ناچالاک‌کردنی خوێندکاران، خەیاڵێکی خاوە!".

لە کۆتایییشدا لەسەر دوو خاڵ جەخت کراوەتەوە: "١- ئێمە وەک خوێندکارانی سەرتاسەری ئێران داوا لە خەڵک دەکەین، لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ چلەمین ڕۆژی کوژرانی ئازیزانماندا، بە بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی و داخستنی شوێنی کار و خوێندنیان، هاودڵیی خۆیان بەکردەوە لەگەڵ بنەماڵەی گیان‌بەخت‌کردووان دەرببڕن. ٢- ئێمە وەک خوێندکاران، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە خوێندکاران و خەڵکی گیان‌بەخت‌کردوو لە زانکۆکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە، یادی ئازیزانمان بەرز ڕادەگرین و لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا هاودڵی دەکەین".

لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرمان بۆ هیچ دیکتاتۆرێک شۆڕ نەکردووە و سەریش شۆڕ ناکەین.

بڕووخێت کۆماری ئیسلامی

واژۆکەران:

ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕەو

کۆمیتەی سەراسەریی خوێندکارانی کوردستان

ڕێکخراوی داد-خوێندکارانی زانکۆی تاران

ئەنجومەنی ئازادیخوازانی زانکۆی بەهەشتی

کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆکانی:

سەنعەتی شەریف

عەللامە تەباتەبایی

تاران

ئەمیرکەبیر

عیلم و سەنعەت

بەهەشتی

سوورە

گیلان

زانستە پزیشکییەکانی ساوە

ئازادی شەهری‌کورد

ئازادی بابۆل

ئازادی کەرەج

کوردستان

ئازادی سنە

زانستە پزیشکییەکانی کوردستان

ئازادی تاران

ئیسفەهان

زانستە پزیشکییەکانی ئیسفەهان

ئەلزەهرا

سەنعەتیی ئیسفەهان

ئازادی ئیسفه‌هان (خوراسگان)

خارەزمیی کەرەج

زانستە پزیشکییەکانی ورمێ

یەزد