وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر نەوتهەڵگرێکی سزادراودا گرتووە کە لە ناوچەی دەریای کارائیبەوە وەڕێ کەوتبوو و لە زەریای هینددا ڕاگیراوە.
بە وتەی پێنتاگۆن، نەوتهەڵگری "ڤیرۆنیکا ٣" کە ئاڵای پانامای هەڵ کردووە، هەوڵی داوە سزاکانی سەر ئەو کەشتییانە پێشێل بکات کە لە لیستی گەمارۆکاندان.
پێنتاگۆن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە کارائیبەوە تا زەریای هیند شوێن ئەم نەوتهەڵگرە کەوتوون و دوای کەمکردنەوەی مەودای نێوانیان، ڕایانگرتووە.
ئەم کەشتییە لە لیستی سزاکانی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێراندا دانراوە و ناوەکەی لە بنکەی زانیاریی "نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان" سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تۆمار کراوە.
هێزەکانی ئەمریکا حەفتەی ڕابردوو بە هەمان شێوە نەوتهەڵگری "ئاکویلا ٢"یان شناسایی و ڕاگرتبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی واشنگتۆن، تا ئێستا لانیکەم ٩ کەشتی لەم چوارچێوەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەرپرسانی ئەمریکایی هەروەها ئاماژەیان بە بوونی تۆڕێک کردووە بە ناوی "کەشتیگەلی سێبەر" کە نزیک بە ٨٠٠ کەشتی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا لەخۆ دەگرێت و بۆ دەربازبوون لە سزاکان چالاکی دەکەن.
پێنتاگۆن جەختی کردەوە کە ڕێگە نادات "لایەنە نایاساییەکان و نوێنەرەکانیان" لە بواری دەریاییدا بە ئازادی چالاکی بکەن.