لە درێژەی هەوڵە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان ئاماژەیان بە لەسێدارەدانی ٢٦ بەندکراو تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کردووە.
لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ڕێبەنداندا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری بەندیخانەکانی ئێران لەوانەش نایین شار، نەوشەهر، ئەراک، بندەرعەباس، تەورێز، ئەردەبێڵ، قوم، سێمنان و چەند بەندیخانەی دیکە پتر لە ٢٦ بەندکراوی لە سێدارە داون.
ئۆرگانی هەواڵدەریی کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆیی لەوبارەوە ڕایانگەیاند: "تەنیا سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١١ بەندکراو لە سێدارە دراون".
ڕێکخراوی مافی مرۆیی هێراناش لەسێدارەدانی ئەو ٢٦ کەسە لەوانەش ئەفغانستیانییەکی پشتڕاست کردەوە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم شوناسی ئەو لەسێدارەدانانەی بە شێوەی فەرمی بڵاو نەکردووەتەوە.
بە گوێرەی ئاماری ساڵانەی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران کە لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆییەوە بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی زەمەنیی مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ هەتا مانگی ژانویەی ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٠٦٣ کەس لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.
ئەو ڕێژەی بە بەراوەرد بە ساڵی ٢٠٢٤، سەد و ١٩ لەسەد هەڵکشاوە.
هەروەها لە تەنیا لە سێ حەفتەی سەرەتای مانگی بەفرانباردا، ڕێژیمی تاران ٢٠٠ کەس لەوانەش ٢ ژنی لە سێدارە داوە.
ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراو تەنیا لە ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمدا کردبوو.