هەواڵدەرییە جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە داوە دۆناڵد ترامپ لە ئەگەری سەرنەگرتنی دانوستانە ناوکییەکاندا، پشتیوانی لە هێرشی ئیسرائیل دژی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی تاران دەکات.
سی بی ئێس نیووز بە پشتبەستن بە زانیاریی دوو سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ئەمریکایی، ڕایگەیاند: "دۆناڵد ترامپ و بێنیامین نێتانیاهوو ڕێک کەوتوون کە ئەگەر ڕێژیمی تاران مل نەدات بۆ دانوستان، ئەمریکا پشتیوانیی تەواو لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ڕێژیم دەکات".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل ماوەی دوو مانگە چۆنیەتیی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی تاران تاوتوێ دەکەن.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکاییە ڕایانگەیاندووە کە پرسی سەربازیی و هاوکارییە ئەمنییەتییەکانی نێوان دوو وڵات لە ئاستێکدایە کە هەموو وەردەکارییەکانی ئەو هێرشەیان هەڵسەنگاندووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەو بڕوایەیە مەترسییەکانی مووشکی بالستیک نەک هەر ئیسرائیل، بەڵکوو وڵاتانی ئورووپاش دەخاتە مەترسیی جیددییەوە.
پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئێران، دەبێت پرسی سنووردارکردنی مووشەکی بالستیک لەخۆ بگرێت".
ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئورانیۆم، وەلانانی هەموو ئورانیۆمە پیتێندراوەکان، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک، کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی هێزە نیابەتییەکان و کەمکردنەوەی مەودای مووشەکی بالستیک هەتا ٣٠٠ کیلۆمیتر وەکوو هێڵی سووری ئیسرائیل لە دانوستانەکان دیاری کراوە.