کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییان لە مانگرتنی گشتیی خو‌ێندنگەکان

11:09 - 28 رێبەندان 2725

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی لە مانگرتن و ماتەمینی گشتیی خوێندنگەکانی ئێران کرد.

ئەم ماانگرتن و ماتەمینییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و ماتەمینی بۆ قوتابییانی شەهیدکراو بڕیارە لە  ٢٩ی ڕێبەنداندا بەڕێوە بچێت.

لە بەیاننامەی ئەو شۆرایەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ ڕێبەندان بڵاو بوویەوە، بە پێداگرییەوە هاتووە: "ئێمە ڕێگە نادەین پۆلەکان و شەهیدکرانی قوتابییان ئاسایی نیشان بدرێت و ئەمنییەت، کەرامەت و مافی ژیانی قوتابییان پشتگوێ بخرێت".

 لەو بەیاننامەدا ئاماژە بە شەهیدبوونی ٢٣٠ قوتابی کراوە.

ئەو شۆرایە داوای لە مامۆستایان کردووە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و ماتەمین لە ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەنداندا نەچنە پۆلەکان و داواش لە باوکان و دایکان کراوە لەو ڕۆژەدا منداڵەکانیان نەنێرنەوە خوێندنگەکان.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان چەندین ڕێکخراوی خوێندکاری و خوێندکارانی دەیان زانکۆ لە سەرانسەری ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا و لەژێر ناوی "بانگەوازی خوێندکاری بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ بنەماڵە مافویستەکان"، خوازیاری مانگرتن و ماتەمینیی گشتی لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ ڕێبەندان بوون.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە کە "بە بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی و داخستنی شوێنی کار و خوێندنگاکان، هاودڵیی خۆیان بەکردەوە لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان دەرببڕن. ئێمە وەک خوێندکاران، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە خوێندکاران و خەڵکی گیانبەختکردوو لە زانکۆ و شوێنە گشتییەکانی دیکە، یادی ئازیزانمان بەرز ڕادەگرین و لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا هاودڵی دەکەین".