کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی لوبنان مۆڵەتی چوار مانگەی بۆ چەککردنی تەواو بە حیزبوڵڵا دا

15:49 - 28 رێبەندان 2725

دەوڵەتی لوبنان ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی حکوومەت و خستنەژێر چاوەدێریی فەرمیی تەواوی چەکەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەرتەشی ئەم وڵاتە چوار مانگ دەرفەتی دەبێت تاکوو قۆناغی دووەمی پلانی چەککردنی حیزبوڵڵا جێبەجێ بکات.

پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان ڕایگەیاند کە دەوڵەت حەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر شێوەی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم لە ناوچەکانی باکووری ڕووباری لیتانی دەدات.

مۆرکۆس جەختی کردەوە کە قۆناغی یەکەم لە باشووری ڕووباری لیتانی کۆتایی هاتووە و دەوڵەت دوای وەرگرتنی هەڵسەنگاندنی فەرماندەی ئەرتەش، بڕیار لەسەر بەردەوامیی پرۆسەکە دەدات.

سپای لوبنان پێشتر لە مانگی ژانویەدا کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنی ناوچەی نێوان ڕووباری لیتانی و سنووری ئیسرائیلی ڕاگەیاندبوو.

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە کە لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٤ بە نێوبژیوانیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەدەست هات و بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، دەوڵەتی لوبنان پابەند بووە تەواوی چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی فەرمیی خۆیەوە.

مۆرکۆس هەر ئەگەرێکی پێکدادانی نێوان ئەرتش و حیزبوڵڵای ڕەت کردەوە و ئامانجەکەی بە بەدیهێنانی سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت ناو برد.

ئەو وتانە لەکاتێکدایە لە نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا تا ئێستا چەندین بار ڕاشکاوانە دانانی چەک لەلایەن ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە و هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی لە دەوڵەتی لوبنان کردووە.