کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاوپەیمانیی سیاسی پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازە سەرتاسەرییەکان دەربڕی

18:18 - 28 رێبەندان 2725

دوو هاوپەیمانیی سیاسیی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" و "کۆنگرەی نەتەوەکای ئێرانی فێدراڵ" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازی خوێندکاران، مانگرتنی فەرهەنگییان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە گەمارۆدرانی کۆمەڵگەی ئێران بە سەرەڕۆیی سیاسی، قەیرانی ئابووری و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی، باس لەوە کراوە کە بانگەوازەکانی ئەم دوواییانەی خوێندکاران، مانگرتنی فەرهەنگیان و هەستانەوەی خەڵک جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئیرادەی ڕزگاریخوازیی خەڵک نە سەرکوت دەکرێ و نە دەکوژێتەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە خوێندکاران و مامۆستایان وەکوو هێزی پێشەنگ و وشیاری کۆمەڵگە، جارێکی دیکە ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە بەرگری لە ئازادی، کەرامەتی مرۆیی و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا بەجێ گەیاندووە.

ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییە پشتیوانیی تەواو و بێ مەرجی خۆیان لە بانگەوازی خوێندکاران بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی مەدەنی، و لە بانگەوزای شۆرای هاوهانگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی ماۆستایان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیاندووە و ئەمەیان بە بەشێک لە ڕەوتی مێژوویی ڕووخانی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و پێکهاتنی بزووتنەوەیەکی دێموکراتیکی گشتگیر زانیوە کە هاوسەنگیی هێزەکان بە قازانجی خەڵک دەگۆڕێ.

ئەم دوو هاوپەیمانییە جەختیان کردووەتەوە کە : مافی مانگرتن، کۆبوونەوە و نافەرمانیی مەدەنی مافی بێ ئەملا و ئەولای خەڵکی ئێرانە و هیچ نیزامێکی سیاسیی بە بێ ڕەزامەندیی ئازادانەی کۆمەڵگەی، ڕەوایی نییە. سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، داخرانی قوتابخانە و زانکۆکان و هەڕەشەکردن لە چالاکانی کۆمەڵایەتی نیشانی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی ترس لە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و ڕێکخراوە.

ئەم دوو هاوپەیمانییە وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ناڕەزایەتییەکان، ڕایانگەیاندووە کە  بەرپرسایەتیی درێژەدانی ئەم ڕێگایە لە ئەستۆی هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکانە.

 

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە داوایان لە کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان و خەڵکانی دیکە کردووە کە ناتەباییەکان وەلا بنێن و لەسەر ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی ماف و مافی دیاریکردنی چارەنووس یەکگرتوو بن.

ئەوان ڕایانگەیاندووە کە دۆخی ئێستا پێویستی بە هاودەنگیی ستراتێژیک و یەکگرتوویی کارای هێزە دێموکراتیکەکانە.