کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە هەڵەبجە

10:34 - 29 رێبەندان 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، کاک سیامەک ئەنساریان، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا و لە هەڵەبجە کۆچی دوایی کرد.

کاک سیامەک ئەنساریان لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و هەر لە تەمەنی لاویەتیدا، بە ڕۆحی ئازادی و سەربەستی و مافی نەتەوەیی، خەبات و تێکۆشانی خۆی دەستی پێکرد و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بە دژی ڕێژیمی شا چالاک بوو. دوای شۆڕش، بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی لاوانی دێموکرات و  بۆ ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی دەست پێکرد.

ناوبراو دوای شيهیدبوونی برایەکی لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا، کەوتە ژێر گوشاری ڕێژیم و ناچار بوو دوور لە بنەماڵەکەی، لە شاره‌کانی تاران و تەورێز ژیانی خۆی بەردەوام بکات.

 کاک سیامەک کوشتیگیرێکی ناودار بوو و لە مەهاباددا سالۆنێکی کوشتیی دامەزراند. بەهۆی ئەخلاقی ئارام و هەڵسوکەوتی باشی، متمانەی زۆری پێ دەکرا و هەمیشە لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بوو.

دوای شه‌هید کرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لەگەڵ تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات تێکۆشانی دەست پێکرد. دوای کۆنگرەی نۆیەمی حیزب، پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ سکرتاریای حیزب و شه‌هید دکتور سەعید هەبوو و بۆ کاری نهێنی چەندین ئەرک و پێشنیاری پێ سپێردرا. لە کارە گرنگەکانی، پێوەندیگرتن لەگەڵ خوێندکاران، هونەرمەندان، نووسەران و ڕۆژنامەوانان، چالاکییەکانی تەبلیغاتی و دیوارنووسی و بڵاوکردنەوەی تراکت و هەروەها ناردنی ڕۆژنامەکانی کەیهان، ئیتلاعات و سەلام بۆ ڕێبەریی حیزب ڕۆڵی بوو کە جێی سەرنجی تایبەتی دکتور سەعید بوو.

دوای کارەساتی میکۆنۆس، تیمی تەشکیلاتی نهێنی لەگەڵ کاک سیامەکدا لە داخستنی دووکان و بازاڕەکانی شاری مەهاباد چالاکییەکی بەرچاویان هەبوو کە کاریگەری گرنگی هەبوو. بەدوای ئەم چالاکییانەدا، کاک سیامەک کەوتە ژێر گوشاری ڕێژیم و ناچار بوو لە پاییزی ١٣٧١ی هەتاوی شار و زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و ڕێگەی هەندەران بگرێتە بەر. سەرەتا چوو بۆ تورکیە و دواتر لە ئەیالەتی کالیفۆرنیا و شاری ساندیاگۆ نیشتەجێ بوو. لە ئەوێشدا، سەرەڕای ژیانی سەختی ئامریکا، بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و بەردەوامی لە چالاکییەکان، وەک خەباتکارێکی زۆر چالاکی سیاسیی کورد و دێموکرات ناسرا و تا دوا ساتەکانی ژیانی‌ وەک ئەندامێکی بە پرستیژ، بە ئەخلاق و نەتەوەیی درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی دا.

ماوەیەکی کەم بوو هاتبووە هەرێمی کوردستان و چاوه‌ڕێ بوو ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بڕووخێت و لەگەڵ حیزب و هاوبیر و هاوسەنگەرانی‌ بە ئازادی بگەڕێتەوە ناو نەتەوە و نیشتمانی خۆی. بەڵام مەخابن، ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان لە ڕێگەی هەڵەبجە بۆ سلێمانی، دڵە پڕ لە هومێدەکەی، لە لێدان کەوت.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.