کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بە هەڵە و گەمژەیی زانی

10:35 - 29 رێبەندان 2725

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی قۆناغی دووەمی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران لە ژنێڤ، عەلی خامنەیی سەرەڕای ناوهێنانی دانوستانەکان بە کاری هەڵە و گەمژانە، هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد.

ڕۆژی سێشممە ٢٨ی ڕێبەندان، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبارەی دانوستانەکانەوە وتی: "ئەگەر وتووێژ و دانوستان بەمەبەستی وەلانان و ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکی بێت، ئەوا دانوستانێک لە ئارادا نابێت".

خامنەیی بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ و هێنانی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە وتی: "مەترسیدارتر لەو کەشتییانە، چەکێکە کە لە قووڵایی زەریادا نوقمیان دەکات".

ناوبراو وتیشی: "ئەوەی لەپێش دانوستانەکاندا هەموو شت دیاری کراوە، گەمژانەیە".

لە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لە ژنێڤ بە نێوبژیوانیی عومان، هەر دوو وڵات لەسەر مەرجەکانی دانوستانەکان پێداگر بوون و بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە؛ تەنیا لە بەرانبەر لابردنی گەمارۆکاندا لەبارەی سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی وتووێژ دەکەن.

پێشتریش خامنەیی ڕوو لە ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو کە "بەهێزترین ئەرتەشی جیهانیش ڕەنگە بە جۆرێک لێی بدرێت کە توانای هەستانەوەی نەبێت".

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترامپ سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: "بە شێوەی ناڕاستەوخۆ چاوەدێریی دانوستانەکان دەکەم، ئەو وتووێژانە زۆر گرینگن".

سەرۆککۆماری ئەمریکا وتیشی: "ئەگەر دانوستانەکان شکست بێنێت، ئەوا کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی زیانێکی قورس بێت".