کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان لە سەردەشت

10:46 - 13 رێبەندان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، سەید ڕەشید سەید ڕەحمانی، خەڵكی گوندی  گرژاڵی ڕەبەت و باوكی شەهید سەیدمحەممەد ڕەحمانی كۆچی دوایی كرد.

‎ناوبراو  پیاوێكی نیشتمانپەروەر و گەلدۆست و لەنێو خەڵكدا زۆر خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.

سەیدمحەممەدی كوڕی لە تەمەنی لاوەتیدا ڕووی كردە ڕیزی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات و لە هێزی زمزیراندا درێژەی بە تێكۆشان دا. ناوبراو لەنێو پێشمەرگەكاندا زۆر خۆشەویست و قسەخۆش بوو.

سەیدمحەممەد لە ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٣٧٣دا لە كاتی گەڕانەوە لە ناوچە، لە پشتی گوندی گۆڕەشێر، كەوتە سەر مینی چێندراوی دەستی دوژمن و شەهید بوو.

تەرمی سەیدمحەممەد بۆ شارەدێی  گرجان لە باشووری كوردستان ڕاگوێزرا و لەوێ لەنێو ئاپۆڕای خزمانی خۆی و خەڵكی گرجاندا بە خاک سپێردرا.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.