گرووپی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران بڕیاری دەوڵەتی لوبنان بۆ پێدانی لانیکەم چوار مانگ دەرفەت بە ئەرتش بە مەبەستی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی چەککردنی ئەو گرووپەی ڕەت کردەوە و ئەمەی بە "کارێک لە خزمەت ئیسرائیل"دا ناو برد.
کابینەی لوبنان لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا ئەرکێکی سپاردە ئەرتش تا پلانێک بۆ خستنەژێر ڕکێفی چەکی تەواوی گرووپە چەکدارەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دابڕێژێت و جێبەجێی بکات.
لە سێپتامبری هەمان ساڵدا، دەوڵەت بە فەرمی پێشوازیی لە پلانی ئەرتەش کرد، بەڵام خشتەیەکی کاتیی دیاریکراوی ڕانەگەیاند و هۆشداریی دا کە توانای کەمی ئەرتەش و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆکاری خاوکردنەوەی جێبەجێکردنی پرۆسەکە.
شێخ نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا، لە وتارێکی ئەم دواییەیدا جەختی کردەوە کە فۆکۆسی دەوڵەت لەسەر چەککردنی ئەم گرووپە هەڵەیەکی گەورە و لەخزمەت ئامانجەکانی ئیسرائیلە.
هەروەها حەسەن فەزڵوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، ئەم گرووپە لە بەرامبەر ئەم پرۆسەیەدا نەرمی نانوێنێت.
لە بەرامبەردا، پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دوای کۆبوونەوەی کابینە وتی کە ڕاپۆرتی مانگانەی ئەرتش سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک وەرگیراوە و چوار مانگ مۆڵەت بە ئەرتەش دراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی توانای ئۆپەراسیۆن و بارودۆخی ئەمنییەتی، دەکرێت درێژ بکرێتەوە.