کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ لێدان لە ڕێژیم دوایین هێزی لە ناوچەکە جێگیر کرد

11:36 - 29 رێبەندان 2725

ئەمریکا دوایین کەرەستەکانی شەڕ و هێزەکانی خۆی بەمەبەستی لێدان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا جێگیر کرد و ئەوەش ئەگەری هێرشی بەربڵاوی ئەمریکا دژ بە ڕێژیمی زیاتر کردووە.

ماڵپەڕی وێر زۆن کە ماڵپەڕی تایبەت بە ڕووماڵی شەڕ و بواری ئەمنییەتی میللیی ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە جێگیربوونی ڕێژەیەکی زۆری هێزی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک ئێراندا کردووە و نووسیویەتی: "ئاوا هێزێک، ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێرانی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی".

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، داتای بەدواداچوونی فڕینە ئانلاینەکان نیشان دەدات لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ٢٢ی ڕێپتور، ئێف ١٦ی فایتینگ فاڵکێن، فڕۆکەی ئەی ٣ سەنتێر و فڕۆکەیەکی سیخوڕیی یوو ٢ی ئەمریکایی لە دەریای ئەتڵەسەوە بەرەو ئورووپا جووڵەیان پێ کراوە.

هەروەها بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا باسی لە ناردنی ٧ـەمین ناوشکێنی کلاس ئارلی بێرک و یوو ئێس ئێس پینکێنی سەر بە سێنتکام بۆ ئاوەکانی ناوچەکە کرد.

وێر زۆن هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی ئیسرائیل بەمەبەستی هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا بۆ لێدان لە ڕێژیمی تاران کردووە.

ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە قۆناغی دووەمی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان دوو وڵات لە ژێنڤ بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای مانگی بەفرانبار و دەسپێکی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵکی ئێران، دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی سەربازیی لە ڕێژیمی تاران کردووە وهەڕەشە دژ بە یەک و جموجۆڵە سەربازییەکانی دوو وڵات گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.