کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ملکەچی بڕیاری پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکانی لەلایەن ئاژانسی وزەی ناوکییەوە بوو

11:59 - 29 رێبەندان 2725

ئێران ڕازی بووە کە بۆ سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی ڕێگە بە پشێکنەرانی ئاژانسە نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بدات.

عەلادین برووجێردی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پارلەمانی ئێران، سەبارەت بە لێدوانەکانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ڕێژیم، سەبارەت بەوەی کە ئێران، ڕێگە بە ئاژانسەکە دەدات پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکات، وتی: گروسی ئەرکەکانی وەکوو بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسەکە، جێبەجێ نەکردووە و پێویستە سزا بدرێت.

برووجێردی ڕایگەیاند، هۆکاری ئەوەی کە ڕێگریمان لەم پشکنینە کردووە ئەوە بووە، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ناوەندەکانی ئێران لەلایەن گروسییەوە تەنانەت مەحکوومیش نەکراون، ئەمەش شتیکی ئاساییە کە ڕێگری لەم پشکنینە بکەین.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بابەتی ڕێککەوتن، لەلایەن "شۆرای باڵای ئاسایشی گشتی"یەوە دەدرێت.

پێشوتریش "مەجید تەخت ڕەوانچی" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندبوو، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، وڵاتەکەی ئامادەیە بیر لە پێشکەشکردنی ئێمتیازات لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکان بکاتەوە.

هەروەها ئێران ڕایگەیاندووە کە پرۆژە ئەتۆمەکەی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنییە و ئامادەیە بە "دروستکردنی متمانە بەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە و بەو شێوازەش دەمینێتەوە" نیگەرانییەکان سەبارەت بە چەکی ناوکی بڕەوێنێتەوە.