کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشبینیی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستانەکان لە ژنێڤ

12:10 - 29 رێبەندان 2725

لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، شەپۆلێکی کاردانەوە و گومانەکان سەبارەت بە ئەنجامە ئەگەرییەکانی ئەو دانوستانانە سەریان هەڵداوە. بەرپرسانی باڵای ئەمریکا سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکان بە ڕەشبینییەوە قسەیان کردووە و میدیاکانیش باسیان لە مانەوەی بژاردەی سەربازی لە نێوان بژاردەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکادا کردووە.

جی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا وتوویەتی؛ ئێران لە دانوستانەکانی ژنێڤ، گرینگیی بە داخوازییەکانی ئەمریکا نەداوە و هێڵە سوورەکانی ترامپیان قەبووڵ نەکردووە. ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لەمبارەوە نووسیویەتی کە واشنگتۆن بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان هەردوولا ماوەی دوو حەفتە مۆڵەتی بە تاران داوە.

ئەم ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، تاران ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات و تەنانەت ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ ناردنە دەرەوەی لە وڵات دەرببڕێ.

بەڵام ئێوارەی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فاکس نیووز ڕایگەیاند کە لە ڕاپۆرتی گفتوگۆکانەوە، ڕوونە کە هیچ پێشکەوتنێک نەبووە و بژاردەی کردەوەی سەربازی وەک خۆی ماوەتەوە.