هەر وەک ئاگادارن ٢١ی فێوریە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بۆنەیەک کە لەلایەن یوونسکۆوە دەستنیشان کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دیانی پێدا ناوە. پاراستنی زمان و تایبەتمەندیی گەلە بندەست و بێدەسەڵاتەکان، گەشە و پەرەپێدانی فرەچەشنیی زمانەوانی، پاراستنی ڕەنگاورەنگی کولتووری و بەهێزکردنی پێوەندیی نێوان گەلان لە سەرانسەری جیهان، بەشێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم بۆنەیە پێک دێنن.
دڵسۆزان و خەمخۆرانی پاراستنی زمانی کوردی!
یوونسکۆ وەکوو بەشی فێرکاری و زانستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجەکانی خۆی بە شێوەی خوارەوە سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دەردەبڕێ. هۆشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگەکان لەبارەی گرینگی و بایەخی زمانی دایکی، تا ئەو جێگەی کە دەتوانێ وەک ئامرازێک بۆ شوناس، بیرکردنەوە، یادەوەریی کولتووری و گواستنەوەی زانیاری بەکار بێت.
هاندانی فرەزمانی لە پرسی پەروەردە و کۆمەڵگادا، لەبەر ئەوەی کە فێربوون بە زمانی دایکی دەبێتە هۆی فێربوونی باشتر و بەرابەریی فێرکاری و بەشداریی بەربڵاوتری لێدەکەوێتەوە.
پشتیوانیکردن لە پاراستن و بووژاندنەوەی ئەو زمانانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، بەتایبەتی ئەوانەی کە سەر بە کەمینەکان و پێکهاتە ناوچەیی و لە پەراوێزخراوەکانن.
پتەوکردنی فرەچەشنیی کولتووری، وەک فاکتەری سەرەکی بەمەبەستی سەقامگیریی تەبایی، دامەزراندنی پێگەی گفتوگۆ لە نێوان کولتوورەکان و گەشەپێدانی بەردەوام ئاماژەیان پێکراوە.
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئەمڕۆ لەحاڵێکدا بەرەوپیری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە دەچین کە کوردستان وەکوو زێد و نیشتمانی خۆشەویستمان بە بیری چەقبەستووی یەکێک لە دڕەندەترین دەسەڵاتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی تەندراوە. دەسەڵاتێکی شووم ئاوێتە بە ئەندێشەی سەدە ناوەڕاستییەکان کە لەودا مرۆڤەکان نە تەنیا بێ ڕۆح و بەدوور لە تایبەتمەندییە مرۆییەکانی خۆیان دەناسن، بەڵکوو وەکوو کاڵا و بەردەست چاویان لێدەکرێ. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ، نێزیک بە نیو سەدەیە کە بە شێوازی جۆراوجۆر لەهەمبەر دەزگای ئینکاری وەها ڕێژیمێک فیداکاری دەکا. ڕێژیمێک کە هەوێنی مانەوەی خۆی تەنیا لە هێزێ سەرکوتدا دەبینێتەوە. هەروەک دیتمان، لە مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە بەرچاوی دنیا، بە دابڕانی ئێران لە جیهان، جینایەتێکی سامناکی دیکەیان بۆ مێژووی ڕەش و تاریکی خۆیان تۆمار کرد. ئاخوندە دنیاپەرەستەکان بەم تاوانە سەلماندیان کە ئامانجی ئەوان نەتەنیا خزمەت بە خەڵک و پاراستنی شوناس و گەشەی پەروەردەیی و کولتووری گەلان نییە، بەڵکوو هەموو هێز و بیریان لە سەر هەوەس و دنیاپەرەستی داناوە و بۆ مانەوەش لەسەر سامان و ماڵی ئەم وڵاتە لە هیچ تاوانێکی دژەمرۆیانە سڵ ناکەن.
مامۆستایانی مافخوازی کوردستان!
خەمخۆرانی گەلەکەمان زۆر باش لەو ڕاستییە تێدەگەن کە مامۆستایانی نیشتمانپەروەر، دەروەست و مافخواز بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە دەست داگیرکاری و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی پێک دێنن. ئەوان کە بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی مەتەرێزی قوتابخانەیان هەڵبژاردووە، دڵسۆزانە ڕاستییەکان بۆ قوتابییەکان ئاشکرا دەکەن و بە وردبینی رووبەڕووی دەسیسە و سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیمی داگیرکەر دەبنەوە. ئەوەی کە تاکوو ئێستاش قوتابییان و مامۆستایانی کوردستان لە مەیدانی کردەوەدا پێملی بەخشنامە و دەستوورە چەوتەکانی ڕێژیمی تاران کە مەبەستیان یەکدەستکردنی باری زمانی و کولتووری کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە نەبوونەتەوە و نەترسانە داکۆکیان لە مافی زمانی خۆیان کردووە، بۆ هەوڵ و تەقەلای ئەو مامۆستا ڕاستەقینانە دەگەڕێتەوە کە جێ پەنجەیان لە ڕەوتی مێژوودا دەمێنێتەوە و پێگەیان لەگەڵ بەناو مامۆستاکانی دیکەدا بەدیاریکراوی دەمێنێ.
خۆشەویستان !
یۆونسکۆ بۆ تەوەرەی ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠٢٦ی زایینی، جەخت لەسەر ڕۆڵی گەنجان لە داڕشتنی داهاتووی پەروەردەی فرە زمانی دەکاتەوە. هەروەها ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە زمانەکان تەنها ئامرازێک نین بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکوو بەشێکی سەرەکی لە ناسنامە، فێربوون، تەندروستی دەروونی و بەشداری کۆمەڵایەتی تاکەکان بە ئەژمار دێن.
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کاتێک ئەم ئامانجگەلەی ئەمساڵی یوونسکۆ لە ناو لاوانی ئەمڕۆی کوردستان بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوو بەراورد دەکا، بە خۆشحاڵییەوە شانازی بە کۆمەڵگەی لاوانی ئەم سەردەمەی کوردستان دەکا کە تا چ ڕادەیەک لەهەمبەر زمان و شوناسی گەلەکەیان خۆ بە بەرپرسیار دەزانن.
لەلایەکی دیکەوە، یهکیەتیی پیشهیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، تێکڕای کردەوە دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتی ئێران سەبارەت بە سنووردارکردنی زمانی کوردی و سڕینەوە و ئینکار ئیدانە دەکا، هاوکات لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەستەبەربوونی هەرچی زووتری خوێندن بە زمانی دایکی واتە زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکانی کوردستان پێداگری دەکا.
ئێمە ئاسۆیەکی ڕوونی دوای کۆماری ئیسلامی بۆ گەلەکەمان پێشبینی دەکەین کە لەودا خوێندن بە زمانی دایکی وەک یەکێک لە مافەکانمان دەستەبەر دەبێت. هەروەها پێمان وایە کە بەرپرسانی دەسەڵاتی داسەپاوی ئاخوندی بە ڕوونی بۆیان دەرکەوتووە کە گەلانی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورد چیتر بیر لە مانەوەی دەسەڵاتە خوێنڕێژەکەیان ناکەن. ئێمە دڵنیاین کە لە داهاتوویەکی نێزیکدا خەڵکی شەیدای ئازادیی کوردستان مژدەی ئازادی وەردەگرن و ئاڵای کوردستان لەسەر دەرگەی قوتابخانەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە.
لە كۆتاییدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی، هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی تێکڕای ئەو مامۆستا و قۆتابییانە دەردەبڕین کە لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵدا کەوتنە بەر پەلاماری دڕندانەی هێزەكانی بەسیج و سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزە ئەمنییەتییەكانی حکوومەتی ئەهریمەنی ئاخوندەکان و گیانیان لەدەست دا. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو ئەویندارانی پرۆسەی زمانی كوردی دەكەین و سەری ڕێز بۆ ئەو کەسە خەمخۆر و دڵسۆزانە دادەنەوێنین كە لە بواری جۆراوجۆردا لە خزمەت بە گەشەی زمانی کوردی لە هیچ فیداکارییەک تەنانەت ئەگەر زیان و خەساری گەورەشیان وەبەر هاتبێ، کۆتایی نەکردووە.
یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
٢٩ی رێبەندانی ١٤٠٤