کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە چلەی شەهیدانی بەفرانباردا ئاڵۆزیی ناوەتەوە

12:29 - 29 رێبەندان 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، لە چەندین شاری کوردستان و ئێران ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار بەڕێوەچوو و لە هەندێک شوێن گرژی و پێکدادان لەنێوان بنەماڵە داخدارەکان و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕووی دا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە شاری ئاودانان بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژەوە و بۆ چوونە ناو گۆڕستانەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕێگرییان لێ کراوە.

هێرش و تەقەی ئاسمانیی هێزەکانی ڕێژیم بووە هۆی گرژی و پێکدادان و ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدان لە ئاودانان کرا بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی خەڵک.

لە تاران، بەتایبەت لەو بەشانەی بەهەشتی زەهرا کە پەیوەندییان بە کوژراوەکان هەیە، هێزێکی زۆری ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا جێگر کرابوون و لەو شوێنەش ڕێوڕەسمی چلە لەگەڵ گرژییەکی زۆر ڕووبەڕوو بووەوە.

هەروەها لە مەشهەد، هێزەکانی ڕێژیم بۆ بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەی خەڵک تەقەی ئاسمانیان کردووە و چەندین کەسیش دەسبەسەر کراون.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە داخستنی گۆڕستانی سەرەکیی ئەراک تا ٢٩ی ڕێبەندان بە فەرمانی بەرپرسانی ڕێژیم دەکەن.

بنەماڵەی شەهیدان هەروەها باسیان لە گوشارە ئەمنییەتییەکان، بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن بۆ هەڵوەشاندنەوە یان سنووردارکردنی ڕێوڕەسمەکان کردووە.

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان کە لە ٧ی بەفرانبارەوە دەستیان پێکرد، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم بەتوندی سەرکوت کرا و لە ئاکامدا هەزاران کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون.