دەزگای میدیایی "ئێستا" لە هەولێر ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، دیدارێکی لەژێر ناوی "کوردستان لەنێو گۆڕانکاری و ڕووداوە سیاسییەکاندا" بەڕێوە برد.
ئەم دیدارە لە چوار پانێل پێک هاتبوو، و لە پانێلی یەکەمدا خاتوو "ئیبرۆ گونەی"، پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی دیپلۆماسیی دەمپارتی لە باکووری کوردستان بابەتێکی لەژێر ناوی "هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی، ئاستەنگ و دەرفەتەکان" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دووەم تایبەت کرابوو بە باسێک لەژێر ناوی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو گۆڕان و ڕووداوەکانی ئێراندا" کە لەو پانێلەدا سمایل شەرەفی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕوانگە و بیروبۆچوونی حیزبی دێموکراتی پێوەندیدار بە ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەڕوو.
بەڕێز شەرەفی، سەرەتا وێنایەکی گشتیی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە بەتایبەت لەدوای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبرەوە نیشان دا، و پاشان بە تیشکخستنەسەر ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شۆڕشی ژینا، "ژن، ژین ئازادی"یەوە هەتا ئێستا، باسێکی هەمەلایەنەی لە دۆخی هەنووکەییی ئێران و کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەرەفی باسی لەسەر دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لەم نێوەدا ئامادەیی و لێکنزیکبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها ڕێکخراوبوونی کۆمەڵگەی کوردستانی بە خاڵێکی بەهێز و ئەرێنی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم دا.
لە دوایین بڕگەی باسەکەیدا ناوبراو بە ئاماژەدان بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وپەرەسەندنی ڕۆژلەگەڵرۆژ زیاتری ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئیران دژ بەتەواویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و باسکردن لەسەر ئالەنگارییەکانی بەردەم گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەڵکوەرگرتنی دروست لە هێز و وزەی خەڵک لە نێوخۆی کوردستانی بە زامنی سەرکەوتن و بەهێزبوونی پێگەی کورد لە قەڵەم دا.
لە بڕگەکانی پانێلەکانی دیکەی ئەم دیدارەدا هەرکام لە بەڕێزان "فەتحوڵڵا حوسەینی"، لە ڕۆژاڤای کوردستان و "بێکەس قادر" لە باشووری کوردستان، بابەتەکانیان بە ڕیز لەژێر ناوی "ڕۆژاڤای کوردستان؛ ئالەنگاری و دەرفەتەکان" و "هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە ئامادەبووان بەشدارییەکی چالاکانەیان لە بابەتەکاندا کرد و بە سەرنج و تێبینی و هەروەها پرسیارەکانیان لە پانێلیستەکان، بابەتی دیدارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.