کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی ئێران لەژێر سێبەری ترس و کەشی ئەمنییەتییدا وانە دەخوێنن

16:36 - 29 رێبەندان 2725

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران کە ئەمڕۆ چوارشەممە داوای مانگرتن و ماتەمینی گشتیی کردبوو، ڕایگەیاند ئێستەش کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر قوتابییان بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە چەند شاری ئێراندا، بە بەشداریی مامۆستایان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و دایکان و باوکان کۆبوونەوەی ئەمنییەتییان بۆ قوتابییان گرتووە.

لەو کۆبوونەوانەدا، مۆرەکانی ڕێژیم کە لە ژن و پیاو پێک هاتوون، ڤیدیۆ و وێنەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباریان نیشانی قوتابییان داوە و وتوویانە ئەوەی خەڵک دەکوژێت ئێمە نین، ئەوە سیخوڕانی ئەمریکایی و ئیسرائیلین.

لەو کۆبوونەوانەدا مۆرەکانی ڕێژیم پرسیارگەلی وەک "بۆچی ئەمریکا و ئیسرائیل دوژمنی ئێمەن؟"، "بۆ دەبێت خۆپیشاندەران بکوژنـ"ـیان لە قوتابییان کردووە و ناچار بە وڵامدانەوەیان کردوون.

ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی بێ متمانەیی و سیخوڕیکردن، بە قوتاببیانەیان وتووە کە ئەگەر هاوپۆلییەکتان دەناسن کە لە خۆپیشانەدانەکاندا بەشداریی کردووە، پێمانی بناسێنن.

هەروەها لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا ڕێژیم مۆبایلی لە قوتابییان وەرگرتووە و پشکنینی جەستەییان بۆ کراوە.