کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێگەچارەی سەربازیی نوێیان دژ بە ڕێژیمی تاران گرتووەتە بەر

10:49 - 13 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە سەردانی سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ واشینگتۆن و چاوپێکەوتنی زۆر نهێنی لەگەڵ سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا کردووە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بە مەبەستی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی تاران ڕێگەچارەی نوێیان گرتووەتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیل، ئەو چاوپێکەوتنە زۆر نهێنییەی نێوان ئەیال زەمیر، سەرۆکی نۆێی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل و دەن کێیەن سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەش و فەرماندەیی ستادی فەرماندەیی ناوەندەیی ئەمریکا سێنتکام بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێگەچارەی سەربازی لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئورشەلیم پۆست، پەرەسەندنی هاواهەنگییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە چووەتە قۆناغێکی کردەییەوە و بازنەی پێوەندییە سەربازی و ئەمنییەتییەکانیان بەربڵاوتر کردووەتەوە.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ڕۆژاوایی ئاگادار لە ڕەوتی ڕاوێژکاریی ئەمنییەتی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لە ئاستی بەرزی بڕیاردان لە واشنگتۆن و ئورشەلیم، هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حەتمییە و ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانە.