ئەنجومەنەکانی داکۆکیکاری مافی منداڵان هاوکات لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆیی دیکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی منداڵانی دەسبەسەرکراو، خوازیاری ئازادیی خێرایان بوون.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەسبەسەرکردن، دۆسییەسازی، دانپێدانانی زۆرەملێ و هەر جۆرە کردەوەیەکی ئەمنییەتی دژی منداڵان، دژی یاساوڕێسای نێونەتەوەیی مافی منداڵانە و بەتوندی مەحکوومی دەکەین.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە خوازیاری ئازادیی خێرای منداڵان، ڕاگرتنی ڕەوتی دەۆسییەسازی لە دژیان، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕێگری لە چوونی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ نێو قوتابخانەکان و دانی ڕاپۆرتێکی ڕوون لەبارەی دۆخی منداڵانەوە بوون.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دەتوانێت، لە داهاتوودا بێ متمانەیی گشتی و لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی قەرەبوونەکراو لەسەر منداڵان دابنێت.
پێشتریش کۆمەڵێک لە ناوەندە مەدەنیییەکان و چالاکانی مافی منداڵان بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵا ڕوو لە سەرۆکی بەندیخانەکانی ڕێژیم داوایان کردبوو کە بە زووترین کات و بەبێ مەرج منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵان ئازاد بکەن.
هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم نەک هەر وڵامی داخوازی و داواکاریی لەو چەشنەیان نەداوەتەوە، بەڵکوو گوشارەکانیان لە دژی منداڵان و قوتابییان چڕتر کردووتەوە.