کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ڕەنگە هێرش بۆ سەر ئێران زووتر و بەرفراوانتر لە پێشبینییەکان دەست پێ بکات

17:17 - 29 رێبەندان 2725

ماڵپەڕی هەواڵیی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا نووسیویەتی کە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی بەرفراوان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو زیادی کردووە و ئەم هەنگاوە دەکرێت زووتر و لە ڕەهەندێکی زۆر لەوە زیاتر کە وێنا دەکرێت دەست پێ بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان، دوو بەرپرسی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە تێلاڤیڤ خۆی بۆ سێناریۆیەکی گەورە ئامادە دەکات کە ئامانج لێی پێکانی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت گۆڕینی ڕێژیمە.

ئەو ماڵپەڕە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە نووسی کە ئەو وڵاتە خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکی شەڕ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاکسیۆس ڕۆژێک پێشتر لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکانی ژنێڤ وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەڕێوە چووە.

باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئەم میدیایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا وردەکاریی گرینگ ماون و ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا پێشنیاری ورد بخاتە ڕوو.

لە هەمان کاتدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هەواڵی گەیشتن بە کۆدەنگییەکی گشتی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە مافی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی جێگەی دانوستان نییە.

هەروەها ئاکسیۆس لە زمانی سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویەتی، هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی ئەگەریی ئەمریکا دەکرێت بە شێوەی هەڵمەتێکی چەند حەفتەیی و بە بەشداریی ئیسرائیل بێت.

لە ڕاپۆرتی نوێی ئاکسیۆسدا هاتووە کە ئاستی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەتوانێت زۆر بەرفراوانتر بێت و لێکەوتەی زیاتریشی لەچاو شەڕی ١٢ ڕۆژە لێبکەوێتەوە.

پێشتریش ماڵپەری "وار زۆن" لە ڕاپۆرتێک بە ئاماژە بە جێگربوونی هێزی زۆری ئامریکا لە نزیک ئێران نووسیبوی کە داڕشتنی پارچەکان بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران، قۆناغەکانی کۆتایی خۆی تێدەپەڕێنێت.