کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران جەختی لەسەر هەوڵە شەڕەنگێزەکانی خۆی لە ناوچەدا کردەوە

10:51 - 13 رێبەندان 2725

سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاردانەوە بە بڕیاری یەکییەتیی ئورووپا بۆ دانانی ناوی ئەم دامەزراوە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە بنەمای یاسایی و سیاسی نییە.

لەو بەیاننامەیەدا، سپای تێرۆریستی پاسداران بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی خۆی لە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، دەستێوەردانی ناوچەیی و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ، وتوویەتی کە بڕیاری یەکیەتی ئورووپا هیچ بنەمایەکی یاسایی و سیاسی نییە.

سپای تێرۆریستی پاسداران زیادی کرد کە ئەو هەنگاوە نەک تەنها کاریگەری نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری بەھێزبوونی ناوخۆیی ئەم دامەزراوەیە و ڕاستەخۆ جەختی لەسەر هەوڵە شەڕەنگێزەکان و دەستێوەردانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

لە هەمان کاتدا، ئەحمەد وەحیدی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، بە دووبارەکردنەوەی زمانێکی هەڕەشەئامێز وتی کە هەموو جووڵانەوەکانی دوژمنان بە تەواوی لەژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکاندایە.

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی ناوی سپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، وەزیرانی دەرەوەی یەکییەتی ئورووپا لە کۆبوونەوەی برووکسێلدا، چەندین سزای نوێیان بەسەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ئەسکەندەر مۆئمێنی، وەزیری ناوخۆ، بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتی خۆپیشاندانە سەراسەرییەکاندا سەپاندووە.

هەروەها بەپێی لیستێک کە لە گۆڤاری فەرمیی یەکیەتیی ئورووپا بڵاو کراوەتەوە، سزاکان لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان بەسەر محەممەد موەحێدی ئازاد، دادستانی گشتی و ١٥ بەرپرسی دیکە و شەش دامەزراوەی تری سەر بە سپا و دامودەزگاکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی سەپێندراون.

ئەم سزایانە بریتییە لە بلۆککردنی دارایییەکان و قەدەغەی سەفەرکردن بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا و وەک نیشانەیەک لە توندبوونەوەی گوشاری نێودەوڵەتی بەسەر پێکهاتەکانی سەرکوت لە کۆماری ئیسلامی دادەنرێن.