سێرگەی تیسیلیۆڤ، وەزیری وزەی ڕووسیە ڕایگەیاند کە ئەو ئامێرانەی بۆ فازە نوێیەکانی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر پێویستن لە ناوخۆی ڕووسیە بەرهەم دەهێندرێن و هاوکارییەکانی مۆسکۆ و تاران لە بواری پەرەپێدانی وزەی ناوکیی ئاشتییانە بەردەوام دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "مێهر"، سەر بە ڕیژیمی ئێران، تیسیلیۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئابووریی ئێران و ڕووسیه لە تاران وتی، هەر دوو وڵات چەندین پرۆژەی هاوبەشیان لەژێر دەستدایە و هاوکارییەکان بە جددییەتەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پرۆسەی دروستکردنی قۆناغەکانی ٢ و ٣ی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر ڕایگەیاند کە ڕووسیە ئامێرەکانی ئەو دوو فازەش دروست دەکات و بۆ ئێرانیان دەنێرێت.
بە وتەی وەزیری وزەی ڕووسیه، بێجگە لە تەواوکردنی ئەم قۆناغانە، ئەگەری دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بچووکیش لەلایەن هەر دوو لاوە تاوتوێ دەکرێت.
هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیە لە وێستگەی بووشێهر کە لەدوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەستابوو، لە ساڵی ١٣٧٤ دووبارە دەستی پێ کردەوە.