کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئامادەیە

12:07 - 30 رێبەندان 2725

"سی‌بی‌ئێس نیووز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای تەناهی نەتەوەیی ئەمریکا دۆناڵد ترامپیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە ڕۆژی شەممەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی نیزامی دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان کراوە، بەڵام خشتەی کاتیی هەر کردەوەیەک ڕەنگە بکەوێتە دوای کۆتایی ئەم حەفتەیە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ترامپ هێشتا خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانی بەردەمیەتی و هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ کردەوەی نیزامی دژ بە کۆماری ئیسلامی دەر نەکردووە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە "ڕۆیتێرز"ی ڕاگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت تاران دوای وتووێژەکانی ئەم دواییەی ژنێڤ، پێشنیارێکی نووسراو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێشکەش بکات.

هاوکات، ڕاوێژکارانی تەناهی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێران کۆ بوونەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە تەواوی ئەو هێزانەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕاگوێزراون تا ناوەڕاستی مانگی مارس لە شوێنی خۆیان جێگر دەبن و پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە لەمبارەیەوە هیچ زانیارییەکی بۆ بڵاوکردنەوە نییە.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان و زیادبوونی ئەگەری شەڕێکی نوێ لە ناوچە، "مارکۆ ڕۆبیۆ" لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا لەگەڵ "بێنیامین نێتانیاهوو" کۆ دەبێتەوە.