ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، باسی لە نوێترین هەوڵی ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی سیستەمی دژەئاسمانیی زیاتر لە ناوچەکەدا کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان، ڕۆژنامەی ئەمریکایی واڵ ستریت ژۆرناڵ ئەو هەوڵەی ئەمریکای بۆ هێرش دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرگری لە ئیسرائیل، هاوپەیمانە عەرەبەکانی و هێزەکانی لە ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لەوە کردووە کە پێنتاگۆن سیستەمی تاد و سیستەمی دژەئاسمانیی پاتریۆتی لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، کوەیت، بەحرەین، عەرەبستان و قەتەر جێگیر کردووە.
شایانی باسە سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕێژیمی تاران، لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا تاران پێوەندیی بە ڕووسیە، تورکیە و چەندین وڵاتی دیکەوە گرتووە تا پێش بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بگرن.
هەر لەو پێوەندییەدا شیکارییەکانی ڕۆژنامەی ساندی تایمز دەرخەری ئەوەیە کە مەرجەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی قبووڵ ناکرێت و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی ئەمریکا بە خۆبەدەستەوەدان دەزانن و پێداگرن لەسەر پاراستنی ڕواڵەتیی ئابڕووی نیزام و هێڵە سوورەکانی عەلی خامنەیی، بۆیە ئەو بنبەستە دەتوانێت شەڕێکی گەورە لێ کەوێتەوە.