کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پێویستە وڵامدەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بێت

16:22 - 30 رێبەندان 2725

سێناتۆر جیم ریش، بەرپرسی پێوەندییە دەرەکییەکانی سێنای ئەمریکا، لە پێوەندی لەگەڵ بڕیاری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە سنوردارکردنی ویزای هەندێک لە بەرپرسانی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە هەندێک لەو بەرپرسانە وڵامدەری ئەو پێشێکارییە بن کە بەرانبەر بە مافەکانی هاووڵاتییان کراوە.

سێناتۆر ڕیش، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ڕایگەیاندووە، "ئەم بەرپرسە ئێرانییانە پێویستە ، بەرانبەر بەو پێشێلکارییە گەورەیەی کە دژی هاووڵاتییانی ئێران کردوویانە، لەوانەش، سەرکوتی بەردەوامی ئازادیی ڕادەربڕین لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت".

ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی نوێدا، سنووردارکردنی ویزای بۆ ئەو بەرپرسانە ڕاگەیاند کە دەستیان لە سەرکوتی هاووڵاتییاندا هەبووە، ئەم کارە بەشێکە لە سیاسەتی لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی کە بەشدارن لەم پێشێلکارییە.

بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە ئامانجی ئەم سزایانە زیادکردنی گوشار بۆ سەر بەرپرسانی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی ئێرانە.

پات فاڵۆن، ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی گرت و نووسیی "ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات و بووەتە هاوبەشێکی مەترسیدار بۆ چین و ڕوسییە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ئێران لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی هێزە تێرۆریستییەکان و بەدواداچوون بۆ چەک ئەتۆمی، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە.