کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا بەشداریی شەڕەکە بکەن

17:04 - 30 رێبەندان 2725

وای نێت لە ڕاپۆرتێکی باسی لەوە کردووە کە بە پێچەوانەی شەڕی ١٢ ڕۆژە، تاران ئەمجارە داوا لە حیزبوڵڵا دەکات لە ئەگەری ڕوودانی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل بچێتە ناو مەیدانەکەوە.

 لە هەمان کاتدا ئیسرائیل بە هۆشداریدان لەمەڕ "زەربەیەکی زۆر بە ئازار" و بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی، خۆی بۆ سێناریۆی چوونە ژوورەوەی حیزبوڵڵا و هێز نیابەتییەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات.

ماڵپەڕی هەواڵی وای نێت بڵاوی کردەوە، ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری هەر دەرگیرییەک لەگەڵ ئیسرائیلدا، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، تاکوو بە پێچەوانەی شەڕی ١٢ ڕۆژە ئەمجارە لە ئەگەری شەڕدا لەپاڵ تاران بن و بێنە مەیدان.  وای نێت رایگەیاندووە کە لەکاتێکدا وا دیارە کە کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی ئێستادا بەتەمای دەسپێکردنی شەڕ نییە، بەڵام هەوڵ دەدات کە ئەگەر ململانێیەک ڕوو بدات، حیزبوڵڵا لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل بەوردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و پەیامی ڕوونی بۆ حیزبوڵڵا ناردووە کە ئەگەر دەستێوەردان بکات، ڕووبەڕووی "زەربەیەکی زۆر بە ئازار" دەبێتەوە.

لەهەمان کاتدا ئیسرائیل بەتایبەتی لە وڵامی هەوڵەکانی حیزبوڵڵا بۆ بنیاتنانەوەی هێزی سەربازیی خۆی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پلانێکی بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئەو گرووپە ئامادە کردووە.

بەگوێرەی وای نێت، سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل، لەوانەش سیستمی ڕێگریکردنی مووشەک و هەروەها سیستمێکی لەیزەر کە پێشبینی دەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوودا کار بکات، بەشێک لە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی مووشەک و موشەکەکانی حیزبوڵڵایە.