ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕێبەندان، ئەنجومەنی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبیی بۆکان بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی ڕێوڕەسمێکی بە بەشداریی نووسەران و شاعیران و ئۆگرانی زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵونی مەستوورەی کوردستانی پێک هێنا.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز هادی خودایی بە پێشکەشکردنی وتارێک سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی و ڕۆڵی گرینگی مامۆستایانی وانەبێژی زمانی کوردی، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە ئامادەبووان کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێزان قادر ئازمەند، سەرگوڵ ڕەحیمی و دوکتۆر مستەفا ئیلخانیزادە سەبارەت بە گرینگیی زمان و ڕۆڵی مامۆستایانی وانەبێژی زمانی کوردی قسەیان کرد.
کۆڕەکە بە دەنگی بەسۆزی کاک عەلی فرووتەن و کۆڕی مۆسیقای ئاسۆ ڕازاوەتر کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێز لە تەمەنێک خزمەتی دکتۆر مستەفا ئیلخانیزادە و کۆمەڵێک لە مامۆستایانی وانەبێژی زمانی کوردی گیرا.