ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی پایەبەرزی پارلەمانی بریتانیا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز جیم شانۆن، ئەندامی پارلەمانی بریتانیا و سەرۆکی گرووپی پارلەمانی هەموو پارتەکان (APPG) بۆ ئازادیی نێودەوڵەتیی ئایین و باوەڕ، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
هەیئەتە بریتانیاییەکە بە گەرمی لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
لەم دیدارەدا، بەڕێز هیجری وردەکاریی فراوانی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان لەوانە شیکردنەوەیەکی قووڵ بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو خستە ڕوو. هەروەها ئاماژەی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر ژیانی سیاسیی ئێران و کوردستان و ڕۆڵی کارای حیزبی دێموکرات لەو بزووتنەوەیەدا کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لە سیاسەتە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات کرد کە بریتین لە پابەندبوون بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ، یەکسانی نەتەوەیی و مەزهەبی، و چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتیک، فێدراڵ و سێکۆلاردا.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، ڕوونکردنەوەی بەڕێز هیجری سەبارەت بە پێکهێنانی "ناوەندی دیالۆگ" لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە هەنگاوێکی مێژوویی لە ڕاستای یەکگرتنەوەی هێزە کوردستانییەکاندایە و ئامانجی ئەوەیە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو دەستەبەربوونی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی گەلی کورد کارێکی هاوبەشتر و کاریگەرتر بکات.
بەڕێز جیم شانۆن، وێڕای پێزانین و ستایشکردنی خەبات و بەرگریی گەلی کورد بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ، جەختی لەسەر گرنگیی یەکگرتنەوەی حیزبە کوردستانییەکان کردەوە و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد ناساند.
ناوبراو پشتیوانیی خۆی و پارلەمانی بریتانیای بۆ هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانەکانی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دووپات کردەوە و بەڵێنی دا کە لە هاوکاری و لایەنگریکردن بۆ داهاتووی خەباتی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوام بێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەر دوو لایەن بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لە نێوان نوێنەرایەتیی کوردی و دامەزراوە پارلەمانی و مەدەنییەکانی بریتانیا جەختیان لەسەر گرینگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدارانە کردەوە.