کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢١ی فێوریە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی خۆیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، سڵاوێکی گەرم بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لەپێناو پاراستن و گەشەی زمانی کوردیدا خەبات دەکەن.
بۆ ئێمەی کورد، زمان تەنها ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو بڕبڕەی پشتی شوناسی نەتەوەییمان و قەڵای بەرگری لە هەبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسیمانە. مایەی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی کە لەم سەردەمەدا، منداڵانی کورد و نەتەوە نافارسەکانی ئێران، لە سەرەتاییترین مافی سروشتییان کە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکە بێبەش کراون. ئەمە سیاسەتێکی سیستماتیکە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تواندنەوەی کەلتوورە جیاوازەکان و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بەم سیاسەتە بێدەنگ نەبێت.
ئەمساڵ ئەم یادە هاوکاتە لەگەڵ برینە قووڵەکانی مانگی ڕابردووی کرماشان، ئیلام و لوڕستانی قارەمان. ئەو پارێزگایانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بوونە مەیدانی قوربانیدان و هەزاران ڕۆڵەی قارەمانیان شەهید کران. ئەو خوێنە پاکەی لەوێ ڕژا، سەلماندی کە داوای ئازادی و پاراستنی شوناس لە یەک دانەبڕاون. مانگرتنی سەرانسەریی گەلەکەمان، کە لەسەر بانگەوازی حەوت حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لەو سێ پارێزگایانە بەڕێوە چوو، نیشانەی یەکڕیزیی پۆڵایینی نەتەوەکەمان بوو.
لەم یادەدا بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانمان و یەک لەوانیش پەروەردە بە زمانی دایک، لە خەبات بەردەوام دەبین.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی