کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی شەهیدانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ژینا - ژن ژیان ئازادی

18:13 - 1 رەشەمه 2725

بەناوی کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژیناوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی (١٤٠٤ی هەتاوی) لە شار و شارۆچکەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی ڕادەگەیەنین. کوردستان ئەزموونی لەم چەشنەی زۆر جار بە خۆیەوە دیوە، بەڵام هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە بەهێزبوون و درێژەدان بە خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانە، ئازادانە و دادپەروەرانە. ئامانجێکی بەو ڕادەیە گرنگ، تەنیا بە ڕێزگرتن لە ئامانجی شەهیدان و یەکیەتی و یەکگرتوویی دەستەبەر دەبێت.

لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندراوەوە، دەمانهەوێت پێداگری لەسەر ئەم ڕاستییە بکەین کە ژیانی ئازاد و دادپەروەرانە لە کوردستانێکی ڕزگارکراودا بە یەکگرتن، هاودەنگی، هاوپشتی، تێکۆشانی بەکۆمەڵ و سیاسەتی ڕوون و ڕاشکاوانەی سەرجەم تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی دەستەبەر دەبێت. گەیشتن بە ئازادی، بەندە بە خۆدوورگرتن لە هەر چەشنە قۆرخکاری و کەڵکاوەژۆیەکی ناو و خوێنی شەهیدان لە پێناو هەر بیر و باوەڕێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. شەهیدانی ئێمە لە ماکۆوە هەتا لوڕستان، لە هەموو قۆناغەکاندا، شەهیدانی خەبات و تێکۆشان لە پێناو ڕزگاری و ئازادیی کوردستاندان.

لە دۆخی شڵەژاو و پڕ لە دڵەڕاوکێی ئەم ڕۆژانەدا، وەک بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگەی کوردستان، دڵسۆزانە داوا لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی، خەباتکارانی هۆشیار و حیزبە سیاسییەکان و... دەکەین کە زۆر خێرا و بە هەموو هێز و تواناوە، بەر لەوەی دەرفەتەکان لەدەست بچن، یەکیەتییەکی سەرتاپاگیر و ڕاستەقینە پێکبهێنن. بەبێ ڕاگەیاندنی یەکیەتییەکی بەهێز و مانادار، ڕەنگە بێهیوایی باڵ بەسەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکێشێت و ترس لە زاڵبوونەوەی جۆرێکی دیکە لە داگیرکاری، ببێتە هۆی پەرتەوازیی و لەیەک دابڕانی زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە.

هیوادارین نەتەوە ستەملێکراوەکانی تریش بە یەکدەنگی ئازادیی خۆیان دەستەبەر بکەن.

یەکگرتوویی لە پێناو ئازادی

کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی شەهیدانی کوردستان

لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی