کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان، سوید و لەهێستان داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کرد بە خێرایی ئێران بەجێ بهێڵن

11:08 - 2 رەشەمه 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بەهۆی مەترسیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران جارێکی دیکە داوای لە هاووڵاتییانی کرد کە ئێران بەجێ بهێلن.

بە وتەی، وتەبێژی ئەم وەزارەتخانەیە، سەرەڕای هەبوونی هەندێک بەربەست، گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامن و چوونەدەرەوە لە ڕێگای زەمینی بژاردەیەکی دیکەیە. بەم حاڵەوە لە ئەگەری هەر چەشنە گرژییەکدا گەرەنتی خزمەتگوزاری لەلایەن باڵوێزخانەوە ناکرێت.

هەرلەم پەیوەندییەدا دۆناڵد تووسک، سەرۆکوەزیرانی لەهستان ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە هاووڵاتییانی کرد کە بە زووترین کات ئێران بەجێ بهێڵن و هوشداریی دا کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، چوونەدەرەوەی هاووڵاتییان لە ئێران سەخت دەبێت. تووسک بە هاووڵاتییانی وتووە: تکایە ئێران بەجێ بهێڵن و بەهیچ شێوەیەک مەچنە ئەم وڵاتە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماریا ئێم. ستنرگارد، وەزیری دەرەوەی ولاتی سویدیش بە ئاماژە بۆ گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا، وتوویەتی: لە ئاڵوگۆڕەکان لە ئێران و ناوچە دڵنیا نین، بەلام جەخت لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی دەرەوە بۆ خۆبواردنی هاوولاتییان لە سەفەرکردن بۆ ئێران دەکەمەوە و داوای جیددیم لە هاووڵاتییان ئەوەیە کە ئێران بەجێ بهێڵن.

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا؛ ڕۆژی پێنجشەممە، گوشار بۆ سەر ڕێبەری ئێرانی لە تاران زۆرتر کرد، ناوبراو لە ئەمریکا وتی کە؛ ئەگەر چارەسەرێک نەبێ بۆ کێشەکان ئەوە شتی زۆر خراپ ڕوودەدات.

ترامپ باسی لە دوامۆڵەتێکی ١٠ تا ١٥ ڕۆژەی بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەوە، کردووە.