کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئەمریکایی: ئامانجی ئێمە لە ئێران، گۆڕینی ڕێژیمە

11:18 - 2 رەشەمه 2725

ئەرتەشی ئەمریکا خۆی بۆ دەسپێکی ئۆپەراسیۆنێکی چەند حەفتەیی لە دژی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە و بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند: "ئامانج لەو هەوڵە سەربازییە بۆ سەر ئێران،بەئامابجگرتنی بەرپرسانی باڵا یان گۆڕینی ئەو ڕێژیمەیە".

هەواڵدەریی ڕویتێرز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە بەرنامەی سەربازیی ئەمریکا دژی ڕێژیمی تاران بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و بەربڵاوە.

ڕیتێرز ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا زۆر جیددیین و گۆڕینی ڕێژیمی تاران یەکێک لە بژاردەکانی دۆناڵد ترامپە.

بەرپرسانی ئەمریکایی بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە ئەرتەشی ئەمریکا گەڵاڵەی سەربازیی چەند حەفتەیی وردیان بەمەبەستی لێدان لە ڕێژیمی تاران داڕشتووە.

پێشتریش "واڵ ستریت ژۆرناڵ" ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا سەرۆککۆماری ئەمریکا ئامادەی یەکەمین لێدان لە ڕێژیمی تارانە هەتا ناچاریان بکات بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر هەستیارترین ناوەندە سەربازی و دەوڵەتییەکانی ڕێژیم کردبوو.

پێشتریش بڵاڤۆکی نیووزویک ئاماژەی بە شەش نیشانە لە ئامادەکاریی سەربازیی ئەمریکا دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و  ڕایگەیاند کە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا زۆر خێراتر لە ڕەوتی دانوستانەکانە.

هەر لەو پێوەندییەدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕێبەندان ڕایگەیاند: "هۆکارەکان بۆ هێرشی سەربازیی دژی کۆماری ئیسلامی زۆرن ".

هەروەها ئاکسیۆس باسی لە بەرنامەداڕێژیی وردی هێرشی سەربازیی بەربڵاو و چەند حەفتەیی ئەمریکا دژی ڕێژیمی تاران کردووە.