دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی و کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی فێرگەی زمانی کوردی (زارا) لە یەکێک لە بنەکەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن کۆڕی سروودی منداڵانی ناوەندی نێرگز و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر، پێشکەشکاری ڕێوڕەسم دڵنیا حاجیخزری بە خوێندنەوەی شێعرێک باسی لە گرینگیی زمانی دایکی و پاراستنی زمان و ناسنامە و کولتووری نەتەوەیی کرد.
لە بڕگەی دواتردا، شەهێن حوسێنی، جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی بەشی پەروەردە، پەیامێکی بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی و دامەزراندنی فێرگەی زمانی کوردی پێشکەش کرد.
ناوبراو باسی دامەزراندنی فێرگەی زمانی کوردی "زارا" کرد و ڕوونی کردەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندن و فێرکردن بە زمانی دایکی قەدەغەیە و زمانەکەمان چەندە لەژێر گوشاردایە.
لەو پەیوەندییەدا، باسی لە چیرۆکی زارا محەممەدی کرد کە چۆن زیندانی کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیندان بۆی بووە قوتابخانە و بە گوێچکەی گەلدا وانەی زمانی کوردی چرپاند. بە هۆی ئەم تێکۆشانە و بۆ ڕێزگرتن لەو خۆڕاگرییە، بەشی پەروەردەی یەکیەتیی ژنان، فێرگەیەکی زمانی کوردیی بە ناوی «زارا» دامەزراند.
هەروەها دواتر، سرودی "کوردم، زمانم کوردییە" لەلایەن کۆڕی هونەریی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، سکرتێری ڕێکخراو، خاتوو شنە دروودگەر، لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستایانی فێرگەی زارا، مامۆستا جەماڵ فەتحی و مامۆستا جیهان بێتووشی کرد.
هەروەها، لەلایەن مامۆستا جیهان بێتووشی، خوشکە خەج مەعزووری، گەلاوێژ پەیڕەوان و سمایل شەرەفییەوە خەڵاتی ٢٥ کەس لە قوتابییان پێشکەش کرا کە سەرکەوتووانە خولی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردییان تێپەڕاندبوو.
لە نێوان خوێندەوارەکاندا، مەندانە بیتار، دڵنیا حاجی خزری، سەیران تەها یونسلوویی و سوهەیلا بایزیدینژاد بە یەکەم تا سێهەم دەرچوون و لەلایەن مامۆستا جەماڵ فەتحییەوە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.
هەروەها، لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن خاتوو شەهێن حوسێنی و خاتوو مەهتاب خزرییەوە پێشکەشی فێرخوازان کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن کاک محەممەدئەمین کەریمی پێشکەشی منداڵانی کۆڕی هونەریی منداڵانی نێرگز کرا.