کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان

16:16 - 2 رەشەمه 2725

ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەمە، ناوەندی فەرهەنگی فێرکاریی بەیان، بۆ ڕێزگرتن لە ٢١ی فێوریە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان لە پیشانگای پەیکەرسازیی مامۆستا ڕێبین حەیدەری بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی زۆربەی شاعیران و نووسەران و ئەدیبان و ئەندامان و نوێنەرانی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو، لەسەر گرینگیی زمانی دایکی وتار پێشکەش کرا و ئەو هەنگاوە گرینگەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیانیان بەرز نەخشاند.

وتاربێژانی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوون لە: دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە، مامۆستا ئاسۆ، ناسر ناسری، دوکتور شەماڵ ئیسماعیلپوور، مامۆستا یوونس ڕەزایی و مامۆستا موحسین جەڵدیانی.

مامۆستا موحسین جەڵدیانی باسی لە دەوری ڕووناکبیرانی کورد لەسەر گەشەی زمانی کوردی،  یەکەم قۆناغی فێرکاریی زمانی کوردی بە پێشەنگایەتی عەبدولڕەزاق بەدرخان، ڕۆڵی مەلا محەممەدی تورجانیزادە لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد، ڕۆڵی دەسەڵاتی پەهەلەوی لە بەرگریکردن لە خوێندن بە زمانەکانی غەیرەفارس، هەوڵی ڕووناکبیرانی کورد لە ساڵانی ۱۳۰۵ تا ١٣٢٠ بۆ گەشەی زمانی کوردی لەهەمبەر هێرشی پەهلەوییەکان بۆ لەناوبردنی زمانە غەیرەفارسەکان، گەشەی زمانی کوردی لەنێوان ساڵانی ١٣٢٠ تا ۱۳۲۵، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی چەند شاری کوردستان، زەبروزەنگی پەهلەوی لە دوای ساڵی ١٣٢٥ لەسەر شارە کوردییەکان بۆ بەرگریکردن لە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و هەروەها لە هەوڵی ڕووناکبیرانی کورد لەو سەردەمەدا بۆ گەشەی زمانی کوردی، کرد.

شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ و دەوری ئەو بڕگە زەمەنییە لەسەر شوناسی نەتەوەیی و گەشەی زمانی کوردی، دەوری گۆڤاری سروە وەک ناوەند و ئاکادێمیایەک بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوری ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ پەرەسەندنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی کرد.

لە بەشێکی تر لەم ڕێوڕەسمە پڕشکۆیەدا، بڕوانامەی ڕێنووسی شیرینی زمانی کوردی پێشکەش بە بەشێک لە دەرچووانی خولێکی فێرکاریی کرا و ڕێزی تایبەتیان لێ گیرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، ڕێزنامە پێشکەش بە وتاربێژان و بەشێک لە شاعیر و نووسەران و گرووپە تایبەتەکەی کاک مەسعوود یارە کرا و ڕێزی شیاو و شایانیان لێ گیرا.

شایانی باسە ئەرکی بەڕێوەبەری و پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، لە ئەستۆی خاتوو سوێسنە ئیسماعیلنژاد و کاک ئەفشین شەریفیان بوو، کە گوڕوتینێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە دابوو.

جێی ئاماژەیە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لە ساڵی ١٣٩۶ی هەتاوی، بە مەبەستی خزمەتی خۆبەخشانه بە زمان و وێژەی کوردی، لە شاری بۆکان دامەزرا و بەختەوەرانە ئێستا وەکوو چالاکترین ناوەندی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانه بە سەدان کەس فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی دەکا.