کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا؛ ئاوڕێک لە زمانی کوردی

19:02 - 2 رەشەمه 2725

خالید حەسەن‌پوور

خوێندن بە زمانی دایک یەکێک لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤە و لەمێژە ئەو مافە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نراوە. کەچی بەداخەوە، سەرەڕای ئەو دانپێنانە نێودەوڵەتییانەش، منداڵانی کورد لە سێ بەشی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئێستا دەرەتانی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە لە قوتابخانەدا بە زمانی کوردی بخوێنن.

هەڵبەت دوای ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە دەست لایەنە کوردییەکان، هەندێک هەنگاو بۆ فێرکردنی زمانی کوردی هەڵگیراون، بەڵام ئەو هەنگاوانە هێشتا لە ئاستێکی سەرەتاییدان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەگەرچی تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ڕێگەی نەداوە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمی و بە هیمەتی چالاکانی ئەو بوارە، هەندێک هەنگاوی باش نراون. ئەو هەوڵ و کارانەی هۆگرانی زمانی کوردی سەرەڕای گوشار و زۆردارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامیان داون، مژدەبەخشن و دەکرێ وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ ناوزەد بکرێن.

لە باکووری کوردستان بەداخەوە هەم لە ڕووی یاسایی و هەم لە باری کردارییەوە، فێرکردن و پەروەردە بە زمانی کوردی، لەچاو سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان لە دۆخێکی خراپتردایە. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستاش خوێندن و نووسین بە کوردی لە قوتابخانەکاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە –وەک دەڵێن– «قەدەغەیە»، بەڵام لە ڕووی نافەرمیشەوە بەداخەوە هەوڵێکی جیدی بۆ فێرکردن و نووسینی زمانی کوردی لەلایەن چالاکانی فەرهەنگییەوە بەرچاو ناکەوێت.

دەکرێ بڵێین ئەمڕۆ ویست و داخوازیی خوێندن بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە سێ بەشەکەی دیکە بووەتە داواکارییەکی سەرەکیی کۆمەڵانی خەڵک. ئەو پەرەسەندنەش لە هەڵمەتی پشتیوانیی خەڵک لە «زارا محەمەدی» و فێرکارانی دیکەی بواری خوێندن و نووسینی کوردی بە ڕوونی دەردەکەوێت. بە گشتی دوو پاڵنەری بنەڕەتی هەن بۆ ئەوەی خوێندن و نووسینی کوردی ببێتە دروشمێکی سەرەکی و گشتی لای خەڵکی ڕۆژهەڵات:

یەکەم؛ دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی فێرکردنی زمانی کوردی لە دوو سەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها پاش شۆڕشی گەلانی ئێران. وەک دەزانین پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەلایەن هێزە سیاسییەکانی کورد و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە دەبرا. لە سایەی ئەو هەلومەرجە دیموکراتیکەدا بوو کە کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی زمانی کوردی دامەزرا و لە زۆربەی گوندەکاندا، مامۆستایانی شۆڕش خوێندن و نووسینی کوردییان فێری بەشێکی بەرچاوی منداڵان کرد. ئێستا ئەو نەوەیەی لەو سەردەمەدا منداڵ بوون، تەمەنیان لەنێوان ٤٥ بۆ ٥٥ ساڵدایە و زۆربەیان خوێندنەوە و نووسینی کوردی دەزانن. جگە لەو هەوڵانەی هێزە سیاسییەکان، پاش داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە هیمەت و فیداکاریی هۆگرانی زمانی کوردی و پشتیوانیی خەڵک، چەندین ئەنجومەنی کوردی دامەزران و ئەرکی فێرکردنی زمانی کوردییان لە شار و گوندەکان بە شێوەیەکی نافەرمی گرتە ئەستۆ. تێکۆشانی فێرکارانی کورد لە سێ دەیەی ڕابردوودا، سەرەڕای زەبروزەنگی دەسەڵات، دەکرێ وەک سەردەمی زیندووکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی ناودێر بکرێت.

دووەم؛ هۆکاری ئەوەی کە دروشمی خوێندن بە زمانی کوردی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات گشتگیر بووە، بوونی چەندین شاعیر، نووسەر و زمانەوانی بلیمەت و هەڵکەوتووە لەو بەشەی کوردستاندا. ئەو شاعیر و ئەدیبە مەزنانەی لە سەردەمی کۆمار و پاش کۆماردا ژیان، توانیان ڕۆح و ڕێچکەی کۆماری کوردستان بۆ خزمەت بە فەرهەنگ و زمان بگوێزنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەو کەڵەنووسەرانە وەک کۆڵەکەی پەرەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی دادەنرێن. هەر لە سایەی بیری تیژی کوردایەتی و زاڵبوونیان بەسەر ڕێزمانی کوردیدایە کە ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵات بووەتە سەرچاوەیەکی ڕەسەن تەنانەت بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.

لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی «تواندنەوەی فەرهەنگی» (ئاسیمیلاسیۆن) لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، بەڵام بەربڵاویی بیری نەتەوەیی لەنێو نووسەران و زمانەوانانی ڕۆژهەڵاتدا، قەڵغانێکی فەرهەنگیی بەهێزی بۆ پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی پێکهێناوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێ بەداخەوە بڵێین زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لەنێو نوخبەی ئەدەبی و فەرهەنگیدا ماوەتەوە و بەو ئاستە نەچووەتە نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە. بەشێکی زۆر لە خەڵک، بەتایبەت لە شارەکاندا، بە زمانێکی تێکەڵاو دەدوێن کە بەشێکی زۆری وشەکانی فارسییە.

با لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، هەزاران سڵاو بنێرین بۆ مامۆستا و چالاکانی بواری فێرکاری، وەک «زارا محەمەدی» کە لەپێناو پەرەپێدانی زمانی کوردیدا کەوتە بەندیخانە، و هەموو ئەو کەسانەی بە سەخاوەتەوە تەمەنیان بە نیشتمان بەخشی.