کانالی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل هوشدارییان داوە بە ئەمریکا کە ئەگەری هەیە ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی خۆی نەرمی بنوێنیت، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ هێزە مووشەکییەکەی و هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچە پاشەکشە ناکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەیال زەمیر بەرپرسی ئەرتشی ئیسرائیل، لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ ئەمریکا هەبووە و لەم دیدارەدا لەگەڵ بەرپرسە باڵا نیزامییەکانی ئەمریکا کۆ بوونەتەوە و زانیاریگەلێکی لەبارەی هەولی ڕێژیمی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی بەرنامەی مووشەکی بالستیک پێ داون.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل بە ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە بەرەو گرێبەستێکی خراپ لەگەڵ ئێران نەڕوات و جەختی کردوەتەوە کە تاران هەوڵ دەدات کە بە ئیمتیازاتی تاکتیکییەوە ئەمریکا فریو بدات.
بە وتەی بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل، ئەوان سێ مەرجییان بۆ هەر ڕێکەوتنێکی قەبووڵکراو خستووەتە بەر باس کە ئەو مەرجانەش بریتین لە: نەبوونی بەرنامەی ناوکی، نەبوونی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتگیری لە هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچە.
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی وتوویانە کە سەرەڕای زیادبوونی گوشاری نیزامی، هەر چەشنە هەوڵێک بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئێران پێویستی بە هێزێکی زۆرتر لە ناوچەکەیە.