وردەکاریی نوێی دانوستانی ناوکیی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران لە ژنێڤ دەرخەری ئەوەیە کە ململانێ و ئاڵۆزییەکان لە پەرەسەندایە و شاندەکەی ڕێژیمی تاران بە توندی دەمکوت کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئیسرائیل هیۆم، لە دانوستانی ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندان لە ژنێڤ، شاندی ئەمریکایی ڕێژیمی ئێرانی بە پێشێلکردنی بەڵێنی سەرەتایی بۆ وتووێژ لەبارەی بەرنامەی مووشەکی و هێزە نیابەتییەکان تاوانبار کردووە.
بڵاڤۆکی ئیسرائیل هیۆم، لە ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەدا نووسیویەتی: "لەو دانیشتنەدا، کەلێنی نێوان دوو لایەن بەجێگەی چارەسەر، قووڵتر بووەتەوە".
شاندی ڕێژیم ڕایگەیاند: "هەتا لەبارەی پرسی ناوکی و لابردنی گەمارۆکانەوە نەگەینە ڕێککەوتن، لەبارەی بابەتەکانی دیکەوە دانوستان ناکەین".
زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە شاندی ڕێژیم دواتر لە بەرانبەر ئەمریکادا هەندێک خاڵی پەسەند کردووە و بە بەراوەرد بە پێشوو، نەرمیی زیاتری نواندووە.
هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم وتی: "لە ماوەیەکی کورتدا ڕەشنووسی پێشنیاریی پرسی ناوکیی خۆمان بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر دەدەینە بەرپرسانی باڵا و لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، دەدرێتە لایەنی ئەمریکایی".
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترامپ وەک دوامۆڵەت ١٠ هەتا ١٥ ڕۆژی بۆ ڕێژیمی تاران دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە کە لەو ماوەیەدا وڵام نەدەنەوە، ڕووبەڕووی ڕووداوی زۆر خراپ دەبنەوە.
دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، قۆناغی دووهەمی دانوستانەکانی نێوان واشینگتۆن و تاران بە نێوبژیوانیی عومان لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەرفرانبار لە ژنێڤ بەڕێوە چوو.