دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران بەردەوامە و ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێن و چارەنووسیان لە گرتنگەکانی ڕێژیم نادیارە.
بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "کیان نێگەهدار"، چالاکی مەدەنی و کولتووری کورد خەڵکی ئیلام تێدەپەڕێت و دوای ڕاگواستن بۆ زیندانەکانی دەڕەشار و ئیلام، بەشێوەی ناڕوون و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە دادگایی دادپەروەرانە لە زیندان ڕاگیراوە.
ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ و لەدوای هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ ماڵی تاکەکەسی خۆی دەسبەسەر کراوە.
هەروەها ١١ هاووڵاتیی دیکە لە شارە جیاوازەکانی ئیلام لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار تا ١٠ی ڕێبەندان بە ناوەکانی "ڕەزا شێخیزادە" و ئەحمەد شێخی" خەڵکی دێهلۆران، "فەرهاد نەسیری"،"میلاد ئیسمائیلی" و "ماشاڵا سوڵتانیان"، "دکتور حسێن شوکری"، "سابیر بەستامی" و "فەریبۆرز سادقی" خەڵکی ئیلام، "نوورەدین چەلەنگەر" خەڵکی چراودڵ، "فەرەج ئەرسەن" خەڵکی مەڵکشایی و "ئێلیاس جەوانمەرد" خەڵکی لۆمار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە "ئێلیاس ڕەحیمزادە"، هاووڵاتیی کوردی کرمانجی خەڵکی "بۆجنوورد" لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هێشتا چارەنووسی نادیارە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری کراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، "سەعدی ئێرانی" خەڵکی پیرانشار، لە بەرەبەیانیی ٢٨ی بەفرانبار و لە دوای هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
کوردپا زیادی کرد کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا، "عەباس کەیهانی" هاووڵاتیی ١٩ ساڵەی خەڵکی بۆجنوورد و قارەمانی جۆدۆ دەسبەسەر کراوە و لە زیندانی ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەی توند بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێیە.
هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی "سدیق یووسفپوور"، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.
ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی یەکی ڕێبەندان بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزراوە.
هەروەها دوای تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئیمان چشتە"، خوێندکاری کوردی خەڵکی پیرانشار، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست نییە.
ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانبار لە سێڕای "دارەلەک"ی مەهاباد دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
کوردپا ڕایگەیاند "بێهزاد قەوامی"، چالاکی سینفیی مامۆستایانی سنە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تا ئێستاش لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش بووە.
هەروەها لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئازاد ڕەسووڵیفەرد" و "ڕەحیم شیلاتی"، هەر دوو خەڵکی بۆکان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.