کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا پیویستە ڕێوشوێنی تایبەت دژی کۆماری ئیسلامی بگرێتە بەر

11:57 - 3 رەشەمه 2725

پارلەمانی ئورووپا خوازیاری بەکارهێنانی سیاسەتێکی توندتر بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامییە و ماری ئەگنێس، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پارلەمانی ئورووپا، لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خوازیارە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە وڵامێکی جیددیتر بە ڕێژیمی ئێران بدرێتەوە.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەندێلزبلات، ڕایگەیاند، "پشتیوانی لە بانگەوازی دەرکردنی دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە دژی ئەندامانی سپای پاسداران دەکات".

ناوبراو ڕاشیگەیاند؛ "کەسێک کە تێرۆر، سەرکوت و پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ بکات، پێویستە نە پاریزگاریی لێ بکرێت، نە پێوەندیی دیپلۆماسیی ئاسایی لە ئورووپادا هەبێت".

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژی بۆ قەبووڵکردنی ڕێککەوتننامە بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردووە، لە هەمان کاتیشدا هۆشداریی لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی قەبووڵنەکردنی ئەو ڕێکەوتننامە لەلایەن تارانەوە داوە.

پێشوتریش، ترامپ لەبارەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی دوایین هۆشداری بە ئێران دابوو، تاران ئەو وادەیەی پشتگوێ خست و دواتر هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی دەستی پێکرد.

ماری ئەگنێس، سپای پاسدارانی بە "ئامرازی ناوەندیی دەسەڵات و سەرکوتی ڕێژیمی ئێران" وەسف کرد، کە لە "تێرۆر لە دەرەوە و توندوتیژیی دڕندانە لە ناوخۆ" بەرپرسە.

کۆماری ئیسلامی دەمێک ساڵە هۆکاری سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهاندا بووە و لە ڕێگەی سپای قودس، سپای پاسداران و بریکارەکانی وەکوو حیزبوڵڵا و حەماسەوە، سەرپەرستی چەندین هێرش و چالاکیی تێرۆریستیی لە سەرانسەری جیهاندا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدا یەکیەتیی ئورووپا بە ڕەسمی سپای پاسدارانی خستووەتە لیستەی ڕێکخراوە تیرۆرسییەکانەوە، ئەم بریارەش دوای ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەوە هات کە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە ٩ی ڕێبەندان واژۆیان کرد.