کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەکانی سپای پاسداران جڵەوی سەربازیی حیزبوڵڵایان بەدەستەوە گرتووە

13:00 - 3 رەشەمه 2725

حیزبوڵڵای لوبنان لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی باڵی سەربازیی خۆیدایە و فەرماندەکانی سپای پاسداران گۆڕەپانی سەربازیی ئەو گرووپەیان بەدەستەوە گرتووە و خۆیان بۆ شەڕی دژی ئیسرائیل ئامادە دەکەن.

ماڵپەڕی وای نێتی ئیسرائیلی نووسیویەتی: "هەڵسەنگاندنەکان دەرخەری ئەوەیە حکوومەتی تاران لە گوشار خستنەسەر حیزبوڵڵا بۆ پەیوەستبوون بە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دژ بە خۆی بەردەوامە".

ڕۆژی هەینی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکدا سێ ناوەندی فەرماندەیی لە ناوچەی بەقاعی لوبنانی کردە ئامانج و ڕێژەیەکی زۆر لە فەرماندەی یەکە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا کوژران.

بەرپرسانی ئیسرائیلی لەبارەی هێرشی دوێنێ بۆ سەر حیزبوڵڵا ڕایگەیاند کە هێرشی دیکە دژی حیزبوڵڵا مسۆگەرە و تەنیا کاتەکەی نادیارە.

وای نێت ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبەری گشتیی حیزبوڵڵا بەتایبەت باڵی سەربازی نەک لەلایەن ڕێبەرانی ئەو گرووپەوە، بەڵکوو لەلایەن فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێت.

 مەحموود قوماتی، ئەندامی شۆرای سیاسیی حیزبوڵڵا لە دژکردەوەدا پێداگریی گرووپەکەی لەسەر شەڕەنگێزی و شەڕفرۆشییەکانی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لە شەڕ دژی ئیسرائیل بەردەوامین".

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری هەتا ئێستا، درێژەی بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و هەناردەکردنی ئیدۆلۆژیی توندوتیژانەی ئایینی بۆ ناوچە و جیهان داوە و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لەوانەش حیزبوڵڵای لە لوبنان دامەزراند و هەموو پشتیوانییەکی ماڵی و چەکوچۆڵی لەو گرووپە کردووە و ئێستاش بەردەوامە.