لە درێژەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران دژ بە نادادپەروەری و هەڵاواردن، تەنیا لەیەک ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە ئێران و کوردستان بەڕێوە چوون.
کۆمەڵێک لە خوێندکاری زانکۆکانی سەنعەتی شەریف، تاران، ئەمیرکەبیر، بەهەشتی، زانکۆی زانستی پزیشکیی مەشهەد و کرێکارانی کارخانەی توولی پرێسی قەزوین، پشکدارانی شیرکەتی نێگین تێنیس ئەڵماس و هاونیشتمانییانی ئاودانان ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتی شەریف بە دانی دروشمگەلی وەک "ئازادی، ئازادی، ئازادی"، "هەتا ئاخوند کفن نەکرێت، ئەم وڵاتە نابێ بە وڵات" و "شەڕ دەکەین، دەمرین، ئێران وەردەگرینەوە" ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە توندوتیژییەوە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خوێندکارانی ناڕازییان داوە.
لە زانکۆی زانستی پزیشکیی مەشهەدیشدا، خوێنکاران دروشمی "خوێندکار دەنگ هەڵبڕە، داوای مافەکان بکە" و "ئازادی، ئازادی، ئازادیـ"ـان وتووەتەوە.
هەروەها لە چەندین زانکۆی دیکەدا، خوێندکارانی ناڕازی خوازیاری ئازادکرانی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو بوون.
کرێکارانی کارخانەی توولی پرێس لە شارەکی پیشەسازیی ئەلبۆرزی قەزوین لە بەرانبەر کارخانەکەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
هەروەها لە شاری ئاودانان کۆمەڵێک لە هاونیشتمانییان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوە برد و خوازیاری ئازادیی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بوون.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی نێگین تەندیس ئەڵماس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کرا.
هەڵاواردن، نادادپەروەری، هەژاری، بێکاری و سەرکوت، دەسبەسەرکران و دەیان کێشەی دیکە هۆکاری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە.