کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" ڕاگەیەندرا

17:48 - 3 رەشەمه 2725

٥ حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"یان ڕاگەیاند.

بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەممە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەشداریی بەرپرسی یەکەمی ئەم حیزبانە بەڕێوە چوو، پلاتفۆڕمی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" ئیمزا کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند پێکهاتنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پێویستییەکی گرینگی خەباتی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەم هاوپەیمانییە بەرهەمی چەندین مانگ وتووێژ بۆ لێک‌تێگەیشتن و هاوپێوەندیی زیاتر لەسەر بنەمای پلاتفۆڕمێکی هاوبەش بوو و بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکەش قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەیی ئەم هێزە سیاسییانە دەست پێ دەکات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند پێکهاتنی ئەم هاوپەیمانییە هەوڵێکی بەکردەوەیە بۆ یەکڕیزی و یەکگری لەپێناو قۆستنەوەی هەل و دەرفەتەکان و ڕەواندنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ئەوەیە پێکەوە لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا دەور و کاریگەریی شیاوی خۆمان هەبێ. کاک مستەفا هیجری پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە ئەم هاوپەیمانییە دژایەتی لەگەڵ هیچ و لایەنێکی سیاسیی دیکە نییە و پێچەوانە هیوادارین ئەو هاوپەیمانییە چەندی دەکرێ بەرفراوانتر بێت و هێز و لایەنی سیاسیی دیکەش خۆی تێدا ببیننەوە.

کاک حوسێن یەزدان‌پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ خاتوو پەیمان ڤییان، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری گشتیی سازمانی خەباتی کوردستان و کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە وتارەکانی خۆیاندا پێداگرییان لەسەر پێویستیی هاوخەباتی، یەکڕیزی و بەرفراوانکردنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا دوو بەڵگەنامەی "پلاتفۆڕمی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" و "ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" لە لایەن بەرپرسی یەکەمی حیزبەکانی بەشدار لەو هاوپەیمانییە واژۆ کران.

دەقی ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانییەکە لەو لینکەدا بخوێنەوە:

 "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"