ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕێبەندان، لەنێو هەوادارانیدا و لە ساڵیادی بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ جارێکی تر لە قسەکانیدا هەڕەشەیەکی جیددیی لە ئەمریکا کرد.
خامنەیی، لەم دانیشتنەدا بە بێڕێزییەوە باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کرد و ئەمەی بە فیتنەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناو برد.
خامنەیی لە کاردانەوە بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا پەیوەست بە هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی، هۆشداریی داوە و وتوویەتی: با ئەمریکییەکان بزانن، ئەگەر ئەمجارە جەنگ دروست ببێت، جەنگیی ناوچەیی دەبێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شتێکی نوێ نییە، کە هەندێک جار باسی شەڕ و کەشتی و فڕۆکە دەکەن، لە ڕابردووداشدا ئەمریکییەکان چەندین جار هەڕەشەیان کردووە.
هەرچەند ڕێبەری ڕێژیم لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، کە ئەوان دەسپێشخەری شەڕ نین و نایانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتێکی تر، بەڵام لە بوونی هەر هێرشێک، میللەتی ئێران گورزێکی توند لەو کەسانە دەدات کە هێرش بکاتە سەریان و هەراسانیان بکات، ئەم ڕێژیمە ساڵانێکە لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێران لە شەڕدایە و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بە شێوەیەکی دوژمنکارانە هاووڵاتییانی بێدیفاعی سەرکوت کردووە.
ئەم قسانەی عەلی خامنەیی لەکاتێکدایە، کە ژمارەی ئەو هێزە ئەمریکییانەی کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون لە زیادبووندایە، جێگیرکردنی ئەم هێزانە لە پاش هۆشدارییەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا پەیوەست بە سەرکوتی ناڕازییان بووە، کە چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی سەرکوت بە بەرپرسانی ڕیژیم داوە.
دوابەدوای لەبەرچاونەگرتنی ئەم هۆشدارییە و کوشتاری چەندین هەزار کەسیی ناڕازییان، بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، کەشتییە ئەمریکییەکان و لە نێویاندا کەشتییە جەنگییە زەبەلاحەکەی " ئەبراهام لینکۆڵن" لە ناوچەکەدا جیگیر کراوە.