کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ٤٣ فڕۆکەی شەڕکەری دیکەی لە ناوچەکە جێگیر کرد

10:37 - 4 رەشەمه 2725

وێنە ماهوارەییەکان نیشانی دەدەن ئەمریکا لەم مانگەدا ڕێژەیەکی زۆر فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی لە بنکەکانی عەرەبستان و ئۆردۆن جێگیر کردووە و ئەگەری لێدان لە ڕێژیمی ئێران زیاتر لەئارادایە.

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز نووسیویەتی: "ئەمریکا ١٨ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥، ١٧ فڕۆکەی ئێف ١٥ و ٨ فڕۆکەی ئەی ١٨ و  چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئێلێکترۆنیی ئی ئەی ١٨ـەی لە بنکەکانی ئۆردۆن و عەرەبستان لە دۆخی ئامادەباشیدا جێگیر کردووە".

هەروەها لەو بنکانەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی دیکەی وەک ئەی ٣، سی ١٣٠ و سی ٤ شناسایی کراون و ئەمانەش نیشانەی جیددیبوونی ئەمریکا لەسەر هێرش بۆ سەر ڕێژیمی تارانە. 

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کرد کە وێنە جیاجیاکانی بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە عەرەبستان، بوونی ڕێژەیەکی زۆری فڕۆکەی شەڕکەری دیکەی ئەمریکا نیشان دەدات.

ماڵپەڕی وێر زۆن کە ماڵپەڕی تایبەت بە ڕووماڵی شەڕ و بواری ئەمنییەتی میللیی ئەمریکایە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە " فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ٢٢ی ڕێپتور، ئێف ١٦ی فایتینگ فاڵکێن، فڕۆکەی ئەی ٣ سەنتێر و فڕۆکەیەکی سیخوڕیی یوو ٢ی ئەمریکایی لە دەریای ئەتڵەسەوە بەرەو ئورووپا جووڵەیان پێ کراوە".

شرۆڤەکارانی سەربازی ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێژە زۆرەی فڕۆکەی شەڕکەر نیشانەی پێکهاتەی عەمەڵیاتیی تەواو بۆ هێرشی بەربڵاو لە ناوچەکەدایە. هەواڵدەریی ڕویتێرز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردبووەوە کە بەرنامەی سەربازیی ئەمریکا دژی ڕێژیمی تاران بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و بەربڵاوە.