کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز پیرۆزبایی پێکهاتنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"ی کرد

11:43 - 4 رەشەمه 2725

بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز بەبۆنەی پێکهاتنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و ئەمەی بە دەستکەوتێکی گرینگ بۆ خەڵکی بەشەرەفی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دامەزرێنەری ئەم هاوپەیمانییە زانی.

بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز لەم پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی لە نەتەوەی کورد و حیزبە دامەزرێنەرەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ئەم هاوپەیمانییەی بە هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی، نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی، هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی و ئیرادەی هاوبەش بۆ یەکگرتوویی لە ڕێبازی خەبات دژی سەرەڕۆیی و داگیرکاری ناو برد.

بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز ڕایگەیاندووە کە یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، نەتەنیا پێگەی نەتەوەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی خەباتی نێوخۆدا قایم دەکات، بەڵکوو لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێونەتەوەییشدا کاریگەرییەکی چارەنووسسازی دەبێ.

بەرەی دێموکراتی ئەحواز لە بەشێک لەم پەیامەدا ڕایگەیاندووە: ئێمە لە بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەحواز، خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی، ئازادی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی هاوبەشی هەموو نەتەوە ستەملێکراو و داگیرکراوەکان لە ئێراندا دەزانین. باوەڕمان وایە کە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی نەتەوە نافارسەکان، ڕۆڵێکی دیاریکەری لە کۆتایی‌پێهێنان بە ڕێژیمی سەرکوتکەر، پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی سەرەڕۆیی و دروستکردنی داهاتوویەک لەسەر بنەماڵەی ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان دەبێت.